پارێزگای سنە: مەرگی ٨٥ کەس لە ماوەی ٣ مانگدا لە جادەکان بە هۆی رووداوی هاتوچۆ

هانا: بەپێی ئامارێک کە لەلایەن پزیشکی قانوونی پارێزگای سنەوە بڵاوبۆتەوە، لە سێ مانگی بەهاری ساڵی ١٤٠٠ لە جادە مەترسیدارەکانی پارێزگای سنە ٨٥ کەس بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. 

بەپێی ئەم ئامارە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو واتە ساڵی (١٣٩٩)، ٧٧ کەس لە جادەکاندا بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدابوو. هەر بە گوێرەی ئەم ئامارە رێژەی گیانبەختکردووانی ئەمساڵ لە رێگاوبانەکانی پارێزگای سنە بە هۆی رووداوی هاتوچۆ ٩ لە سەدی زیاد کردووە. 

بەپێی ئامارە جیهانییەکانی قوربانییانی هاتوچۆ، وڵاتی ئێران لە پلەی هەشتەمدایە. 

ناستاندارد بوونی جادەکان و ماشێنەکان، نەبوونی پڕۆژە و بەرنامەیەک بۆ ماشێنە بارهەڵگرەکان کە لە جادەکانی کوردستان بە "عەرابەی مەرگ" ناسراون و هەروەها رەچاونەکردنی رێوشوێنی ئەمنی و یاساکانی رێگاوبان لەلایەن شۆفیرەکانەوە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم رووداوە دڵتەزێنانەی جادەکانی کوردستانن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular