لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢١ زایینیدا “١٠٩” کۆڵبەر لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بوونە قوربانی.
ئەوەی لە خوارەوە هاتووە، ڕاپۆرتی شەش مانگەیە لە دۆخی قوربانییانی کۆڵبەر لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران واتا ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ زایینی و بە هەوڵ و ماندووبوونی بەشی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئامادە کراوە.
ئەم ئامارەی لە بەر دەستتاندایە، کۆکراوەی هەموو ئەو راپۆرتانەیە کە لە لایەن هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ناوخۆوە بۆمان نێردراوە. هەڵبەت بە هۆی هەموو ئەو بەربەستە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لە سەر خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان هەیە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین هەموو خاڵەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە خۆ ناگرێ و ئاماری ڕاستەقینە لەوانە زیاترە، بەڵام هاوکارانی ئێمە هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین هەواڵ و ڕاپۆرت وەدەست بێنن.
ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە کۆڵبەران لە شار و گوندەکانی هەر چوار ئوستانی کوردستانی ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ زایینی، ١٠٩ خاڵ بوە کە بە هۆکارگەلی وەکوو تەقەی ڕاستەوخۆ، هەرەسی بەفر و رنوو، تەقینەوەی مین، کەوتنە خوارەوە لە کێو و شتی دیکە کە بە شێوازی خوارەوەیە:
لە کۆی ١٠٩ قوربانیی کۆڵبەری بە گشتی:
٩٩ کەس بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بوونەتە قوربانی. هەر وەها لەم ڕێژەیە،
١٢ کەس بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی
٤ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ
و ٤ کەسیش لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی
بە پێی ڕاپۆرتەکانی هاوکارانی هانا، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، لە کۆی ١٠٩ کەس، بە گوێرەی دابەشکردنی ڕەگەزی هەموو قوربانییەکان پیاو بوون کە لەو ڕێژەیە ٣٨ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٧١ کەسیش بریندار بوون. لە ٣٨ کوژراوەکە ، ٣٤ کەسیان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و ٤ کەسیش بە دەستی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کوژراون.
١٥ قوربانی بە هۆی ڕووداوی سروشتی
لە تەواوی ئەو ١٠٩ قوربانییە لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢١دا، ١٥ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو هەرەسی بەفر، سەرما یا کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی یا کەوتنە نێو ڕووبار بریندار یا کوژراون.
١ حاڵەت بە هۆی چوونە سەر مین
لە ئاماری ڕاگەیێندراودا هەروەها یەک حاڵەتیش بە هۆی چوونە سەر مین بوە کە بریندار بووە.
بە گوێرەی هەر ئەم ئامارانە و بە پێی دابەشکردنی جوقرافیایی، لە کۆی ١٠٩ قوربانی،
٤٧ کەس لە پارێزگای سنە
٣٣ کەس لە پارێزگای ورمێ
٢٩ کەسیش لە پارێزگای کرماشان بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی کەشوهەوا و دۆخی ژینگەی ئوستانە کوردستانییەکانی ئێران و هەروەها جێگربوون لە نێوان وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستان، ڕەخساندنی هەلی کاری لەبار، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەو تواناییانەی وەکوو کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، و هەلی دیکە و هەڵبەت سەداسەد دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات لە شوێنەکانی وڵات بە شێوازی یەکسان، دەکرێ دۆخێک بڕەخسێندرێ کە خەڵکانی ئەو ناوچانە هەموویان ببنە خاوەن کار و پیشەی ڕاستەقینەی خۆیان و چیدی ڕوو نەکەنە کۆڵبەری.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا