بەپێی ئەوە هەواڵانەی گەیشتوون، رۆژی یەکشەممە ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٦ی مەی ٢٠٢١)، “عوسمان ئیسماعیلی” و “مەحموود ساڵحی” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ئەم دوو شارۆمەندە کوردە لە چالاکانی کرێکاری و هەروەها لە بەڕێوەبەرانی رۆژی کرێکار بوون لە سەقز و لەلایەن دادگاوە بانگ کرابوون.
شایانی باسە، سەرەڕای بەدواداچوون و ناڕەزایەتی بنەماڵەی ئەم دەستبەسەرکراوانە لە بەرامبەر دادگای سەقز، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە و دادگا بۆ ئازاد کردنی ئەوان بە شێوەی کاتی داوای بارمتەیەک بە بڕی ٤٠ میلیۆن تەمەن دەکا.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٠ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە سەبارەت بە مافی تاک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەم جۆرە دەڵێ:
ماددەی ٢٠ خاڵی یەکەم: "هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانەدا ئازاد بێ".
پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگای ئەمنییەتی و قەزایی ئەم حکومەتەوە بووەتە کردەوەی رۆژانەی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا.
