ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،بەپێی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی بەدەست گەیشتوو و بەدواداچوونە تەواوکەرەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، لە دوای گیان لەدەستدانی ١٣ کەس لە کارمەندانی پیشەسازی نەوت و گازی دێلوڕان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دوای ئەو ڕووداوەی شاری ئاودانان و ناوچەکانی دەوروبەری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شایەتی توندبوونەوەی دۆخی ئەمنی و شەپۆلێک لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بوون.زانیارییە کۆکراوەکان ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی لانیکەم ١٩ هاوڵاتی لە شارەکانی ئاودانان، دەرەشار و مورموری دەکەن.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ پاسێکی هەڵگری کارمەندانی پرۆژەی نەوت و گازی NGL ٣١٠٠ی دێلوڕان لە ڕێگای دەشتی عەباس بۆ مورموری وەرگەڕا. ئەم ڕووداوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٣ کەس،شەپۆلێک لە خەم و ناڕەزایەتی گشتیی لە ناوچەکەدا لێکەوتەوە.ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر،هاوڵاتییانی ئاودانان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم کارەساتە،دۆخی نائەمنی ڕێگاکانی هاتوچووی کرێکاران و پێویستی وەڵامدەربوونی بەرپرسان،لە شەقامەکانی شاردا کۆبوونەوە.ئەم ناڕەزایەتییانە بە خستنەڕووی داواکارییە گشتییەکان دەستی پێکرد و بە وتنەوەی دروشمی ڕەخنەگرانە دژی حکومەت پەرەی سەند.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان،هێزەکانی یەکەی تایبەت و هێزە ئەمنییەکان بە ئامادەبوونێکی بەرفراوان لە ئاستی شاردا و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕووی ناڕازییان بوونەوە.هاوکات،ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە تێکچوونی هێڵی ئینتەرنێت و توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بڵاوکرانەوە.سەرەڕای ئەم هەنگاوانە،ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە ئاوداناندا قەتیس نەمانەوە و ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر،هاوڵاتییانی مۆرمۆریش بۆ پشتیوانیکردن لە دەستبەسەرکراوان کۆبوونەوە.
بەدواداچوونەکانی هانا دەریدەخەن کە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان تەنیا لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکاندا نەبووە و لە ڕۆژانی دواتریشدا بەردەوام بووە.لەوانە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر،مەیسەم نەزەری،یەکێک لە کارمەندانی ستافی پزیشکی نەخۆشخانەی ڕەسووڵی ئەکرەمی ئاودانان،بە وتەی سەرچاوەکانی هانا بەبێ نیشاندانی فەرمانی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان،ناوی ئەو ١٩ هاوڵاتییەی کە دەستبەسەرکردنیان لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان و ڕووداوەکانی دوای ئەم کارەساتە ڕاپۆرت کراوە،بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١. سەعید عەبدوڵڵاهی
٢. ئیرەج حەیدەری
٣. موحسین باویر
٤. ئەسغەر ئەکبەری
٥. ئارمین سلێمانی
٦. بێهنام مورادی
٧. سینا دەروێشی
٨. پەیمان کەریمزادە
٩. شەهرام جاویدانە
١٠. حەیدەر مەڵایی
١١. محەممەدحوسێن کاویانی
١٢. حەمید شامحەممەدی
١٣. حوسێن عەلیزادە
١٤. محەممەد میرزایی
١٥. محەممەدئەمین ئەمیرایی
١٦. ئارین ئیمانی
١٧. ئەمیر گەراوەند
١٨. سەید حەمزە هاشمی
١٩. مەیسەم نەزەری
هانا پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە سینا دەروێشی،مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ،دوای گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان و دوو کاتژمێر لێپرسینەوە،بە وەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراوە.هەروەها،ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ باس لە ئازادبوونی موحسین باویر دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا،سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن،دۆخی یاسایی دۆسیەکان، تۆمەتە ئەگەرییەکان و دەستڕاگەیشتنی دەستبەسەرکراوانی دیکە بە بنەماڵە و پارێزەر،زانیاریی ورد و جێی متمانە لەبەردەستدا نییە.
بەردەوامی ئەم دۆخە،بەتایبەتی لە هەلومەرجی توندبوونەوەی ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکاندا،نیگەرانی جیددی سەبارەت بە ئەگەری دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە،بێبەشبوون لە گەرەنتییە یاساییەکان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی دروست کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە مامەڵەی ئەمنی لەگەڵ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە دوای کارەساتێکی مرۆڤی داوای وەڵامدەربوونی بەرپرسانیان کردووە،ناتوانێت جێگرەوەی لێکۆڵینەوەی شەفاف و سەربەخۆ بێت لە هۆکارەکانی ڕووداوەکە و بەرپرسیارێتی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.
هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەردەوامی دەستبەسەرکردنەکان و دۆخی ئەمنی زاڵ بەسەر ناوچەکەدا، داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاسایی سەرجەم دەستبەسەرکراوان، دەستەبەرکردنی مافی دەستگەیشتنیان بە پارێزەر و بنەماڵە و ئازادکردنی ئەو کەسانە دەکات کە تەنیا بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ئاشتیخوازانەکاندا دەستبەسەر کراون دەکات.
