ڕاپۆرتی هانا لە سەر دەستبەسەرکردنی باوک و مودیری قوتابخانەی سەوگەند سەیادی

داواکاری گشتی و شۆڕشی کرماشان ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هەواڵی دەستبەسەرکردنی باوکی سەوگەند سەیادی مێرمنداڵی گیانبەختکردوو لە کرماشان، بە تۆمەتی لێدان و قەتڵ و هەروەها دەستبەسەرکردنی مودیری قوتابخانەکەی ئەو بە تۆمەتی کەمترخەمی، ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیا حکومییەکان، داواکاری گشتی کرماشان ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەی دادوەری دەربارەی هۆکاری مەرگی ئەو خوێندکارە بەردەوامە وگریمانەکانی کوشتن و خۆکوشتن لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دوێنێ ٢٥ی خەزەڵوەری ئەم مانگە، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی گوماناویی خوێندکاری تەمەن ١٥ ساڵ، سەوگەند سەیادی، لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاویکردەوە، کە لەلایەن باوکیەوە بە توندی لێیدراوە و بەرپرسانی قوتابخانەش هۆشدارییەکانی ئەو مێرمنداڵەیان سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ژیانی پشتگوێ خستووە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا، هانا وێڕای وروژاندنی ئەگەری کوشتن بە پاڵنەری ناومووسی، داوای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی باوکی سەوگەند سەیادی و لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی دیکەی قوتابخانەی کردبوو.

دەستبەسەرکردنی باوک و بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەوگەند پێویستی پێڕاگەیشتن بە گێڕانەوەی توندوتیژی خێزانی و ئەگەری شکستی بەرپرسانی پەروەردەیی لە پاراستنی ژیانی ئەو مێرمنداڵە بەرجەستە دەکات. بەڵام تا ئێستا هۆکاری مردن و بەرپرسیارێتی تاوانکاری تۆمەتبار بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان نەکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەدواداچوونێکی سەربەخۆ و شەفاف، داوای ڕوونکردنەوەی هەموو لایەنەکانی ئەم دۆسیەیە لەوانەش ئەگەری کوشتن بە پاڵنەری نامووسی و ڕۆڵی بەرپرسانی قوتابخانەکان لە پشتگوێخستنی هەڕەشەکانی ڕاپۆرتکراو لە دژی گیانی سەوگەند دەکات. هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ ئیدیعایەک سەبارەت بە ناموس یان دەسەڵاتی باوکایەتی ناتوانێت پاساو بۆ توندوتیژی دژی منداڵان بهێنێتەوە و ئەگەری شکستی دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە پاراستنیان نابێت لە پێداچوونەوەی دادوەری بێبەری بێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین