تۆمارکردنی دۆسیەی یاسایی لە دژی پزیشکی پسپۆڕی ژنان دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ دەربارەی دایکانی بێ هاوسەر

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، دادستانی تاران، دوای ئەوەی پزیشکێکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە لەدایکبوونی چوار منداڵی ساوای دایکانی بێ هاوسەر بڵاوکردەوە، لە دژی ئەو پزیشکە سکاڵای یاسایی تۆمار کرد. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەو پزیشکە باسی ئەو ژنانەی کردووە کە بە ئاگادارییەوە بڕیاریانداوە ببنە دایک، سەرەڕای ئەوەی دەزانن باوکی منداڵەکانیان لەگەڵیان نابێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئیدیعای کردووە کە ئەو پزیشکە نەیتونیوە بەڵگەنامە بۆ لێدوانەکانی پێشکەش بکات. بەم پێیە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی درۆ و بابەتی ناڕاست”ی بۆ ڕوونکراوەتەوە و پەیجەکەی بلۆک کراوە. تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی دەستگیرکردنی بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها ناسنامەکەی بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
ئەم هەڵسوکەوتە قەزاییە، بەدەر لە ڕاستی یان ناڕاستی بانگەشەی زیادبوونی دایکانی بێ هاوسەر، پرسێکی گرنگتر دەوروژێنێت: پێگەی ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری فەرمی دەبنە دایک و ئەو مافانەی کە سیستەمی یاسایی ئێران بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دانیان پێدا ناوە.

لە یاساکانی ئێراندا، دایکایەتی لە دەرەوەی هاوسەرگیری خۆی لە خۆیدا تاوان نییە، بەڵکو پەیوەندی سێکسی لە دەرەوەی هاوسەرگیری لە ژێر ناونیشانی فیقهی “زینا” و “پەیوەندی ناشەرعی” تاوانە. مادەکانی ٢٢١ و ٦٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی بنەمای ئەم تاوانبارکردنەن. جگە لەوەش، مادەکانی ١١٦٧ و ٨٨٤ لە یاسای مەدەنی لە بواری ڕەچەڵەکی یاسایی و میرات بۆ منداڵانی لەدایکبووی زینای سنووردار کردووە، هەرچەندە ڕەوتی دادوەری هەندێک بەرپرسیارێتی دایک و باوکی لەوانە بەدەستهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکەی بە ڕەسمیەت ناسیوە.

ئەمەش دوورە لە پێشهاتە یاساییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ. لەم سیستمانەدا پاراستن بۆ دایک و منداڵ بە بوونی پەیوەندی هاوسەرگیرییەوە نەبستراوەتەوە. بۆ نموونە دەستووری ئەڵمانیا مافی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو دایکێک گەرەنتی دەکات، بەبێ گوێدانە باری خێزانیی، هەروەها جەخت لەسەر مافی یەکسانی ئەو منداڵانە دەکاتەوە کە لە هاوسەرگیری و دەرەوەی هاوسەرگیری لەدایک دەبن. هەروەها مادەی ٢٥ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ جەخت لە پاراستنی دایکان و قەدەغەکردنی جیاکاری لە دژی منداڵان لەسەر بنەمای باری لەدایکبوون یان پەیوەندیی دایک و باوک دەکاتەوە.

لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، باری خێزانیی ژن، شەرعییەتی یاسایی پەیوەندی دایک و باوک، یان بوونی یان نەبوونی باوک ناتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ بێبەشکردنی دایک و منداڵ لە پاراستنی یاسایی، خزمەتگوزاری تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مافە بنەڕەتییەکانیان. دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی تەندروستی دایک لە کاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون و مافە سەربەخۆکانی منداڵ، بەبێ ئەوەی حوکم لەسەر ژیانی تایبەتی ژنان بدات.
مامەڵەی یاسایی پزیشکێک کە قسەی لەسەر واقیعێکی لەو شێوەیە کردووە نیگەرانییەکی جددی لەبارەی ئازادی ڕادەربڕین و توانای وروژاندنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و سەلامەتی پیشەیی کارمەندانی پزیشکی دەوروژێنێت.

وەڵامی بەرپرسیارانە بۆ پرسی دایکی بێ هاوسەر، نکۆڵیکردن یان تاوانبارکردنی دەربڕینەکەی نییە، بەڵکو داننان بە واقیعە کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتنی هەڵاواردنی یاسایی و دەستەبەرکردنی پاراستنی کاریگەر بۆ هەموو دایکان و منداڵەکان، بەبێ گوێدانە باری خێزانیی دایک و باوکانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین