ئاژانسی هەواڵدەری میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرەبەیانی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،ڕایگەیاند کە سزای سێدارەی حەسەن دیوبەند،حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنە، سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کەرەج جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم سێ هاوڵاتییە بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ ڕژێمی ئیسرائیل، ئەمریکا و گرووپە نەیارەکان، ئامادەبوونی چالاکانە و چەکدارانە لە خۆپیشاندانەکاندا، هەڵگرتنی چەک، ئاگرتێبەردان و تێکدانی مۆڵکی گشتی، دروستکردن و تەقاندنەوەی ماددەی تەقەمەنی و تێکدانی دامەزراوە گشتییەکان لەوانەش وێستگەیەکی کارەبا لە یەکێک لە ناوچەکانی کەرەج” ،سزای سێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم مۆڵک و ماڵیان بەسەردا سەپێندرا بوو.
سزای سێدارەی ئەوان دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە جێبەجێ کراوە. هەروەها هەشت تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیە بە پێنج تا دە ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.
شایانی باسە،تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە،هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکارییەکانی پرۆسەی دادوەریی دۆسیەکە،چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا و ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ئەم سێ هاوڵاتییە بە پارێزەر و بەهرەمەندبوونیان لە مافە یاساییەکانی دیکە لەبەردەستدا نییە.
