ئازادی کاتی فواد قادری پەرستاری خەڵکی جوانڕۆ، بە دانانی بارمتە دوای ٤٨ ڕۆژ دەستبەسەری

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،فواد قادری، پەرستاری تەمەن ٣٥ ساڵانی خەڵکی گوندی سروود سەر بە شاری جوانڕۆ، دوای ٤٨ ڕۆژ دەستبەسەری لە گرتووخانە ئەمنییەکانی کرماشان و ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی دیزڵاوا، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هانا، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، بەتایبەت لە کاتی لێکۆڵینەوەکان لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی کرماشان و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی بووەتەوە.
لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا، لووت، پەراسووەکان و پەنجەکانی پێی ناوبراو تووشی شکان و ئازار بوون.

شایانی باسە،ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، جیا لە بێبەشبوون لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە خزمەتگوزاریی پزیشکیش بێبەش کراوە و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار توانیویەتی پەیوەندییەکی تەلەفونی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕێک بخات.

فواد قادری ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ لە ڕێگەی ڕوانسەر بۆ کامێران،بەبێ پێشکەشکردنی هیچ بڕیارێکی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای چەند ڕۆژێک بێسەروشوێنبوون بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کرماشان گواسترابووەوە و دوای لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی توند،بە دۆخێکی جەستەیی نالەبارەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی دیزڵاوا ڕاگواسترا بوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین