له سێزدەهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێرکۆ مەعارفی بەندکراوی سیاسی کورد،ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا،پەرژاوەتە سەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەم بەندکراوە،لەوانە ئەشکەنجەدان لە سەردەمی دەستبەسەریدا،بێبەشکردن لە مافی بەرگریی کاریگەر،دەرکردنی حوکمی سێدارە لە پرۆسەیەکی بێبەش لە گەرەنتییەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە و جێبەجێکردنی بەنهێنیی حوکمەکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی.مەعارفی بەرەبەیانی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٢،دوای زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانی،لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.
شێرکۆ مەعارفی،لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٩ ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٣٨٧ لە یەکێک لە گوندەکانی سەقز لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. ئەو دوای حەفتەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی سوپای سەقز،گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و نزیکەی دوو مانگ لەوێ ڕاگیرا.مەعارفی لە چاوپێکەوتنێکدا کە ساڵی ١٣٩٢ لەگەڵ یەکێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤی کورد ئەنجامی دابوو،باسی لە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی،لێکۆڵینەوەی بەردەوام،هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی و ناچارکردنی بە خواردنی دەرمانگەلێک بە سروشتێکی نادیار کردبوو.
نزیکەی سێ مانگ دوای دەستبەسەرکردنی،لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز،مەعاریفی بە تۆمەتی (مۆحارەبە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە)دا بە سێدارە مەحکوم کرد.بە ووتەی خۆی ڕاگرتنی دادگایی سەرەتایی بەبێ هەبوونی پارێزەری دڵخوازی خۆی ئەنجام دراوە و تەنیا دوای دەرچوونی حوکمەکە و لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا دەرفەتی ناساندنی پارێزەری بۆ ڕەخساوە.ئەحمەد سەعید شێخی،پارێزەرەکەی بە پشتبەستن بە میکانیزمی ناسراو بە ماددەی ١٨ داواکاری پێداچوونەوەی دووبارەی پێشکەش کرد.سەرەڕای پەسەندکردنی داواکارییەکە،دۆسیەکە ڕەوانەی لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم کرا و حوکمی سێدارەکە جارێکی دیکە پشتڕاستکرایەوە.
مەعارفی لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە زیندانی سەقزیش لەگەڵ سنووردارکردنی توند بەرەوڕوو بوو.بە وتەی خۆی،وەرگرتنی کتێبێکی شیعری شێرکۆ بێکەس،شاعیری کورد،بووە هۆی گواستنەوەی سزایی بۆ ژووری تاکەکەسی.هەروەها سەرەڕای تووشبوونی بە زەخم مەعیدە و پێشنیازی پزیشکان بۆ ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە،دژایەتی ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگر بوو لە دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان.
بەپێی گێڕانەوەی یەکێک لە هاوزیندانیانی مەعارفی،ئێوارەی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٢،ئەو لەگەڵ مەتڵەب ئەحمەدیان،بەندکراوێکی تری سیاسی،بە فەرمانی نەورۆزی،بەرپرسی ئەو کاتەی پاراستنی زیندانی سەقز،بە بەهانەی کێشانی جگەرە لە بەندەکە برانە دەرەوە و دوای بەستنی کەلەپچە و کۆتوزنجیر،بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترانەوە.بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر،دەوروبەری کاتژمێر ٥:٣٠،مەعاریفییان بە بەهانەی گواستنەوەی کاتی بۆ زیندانی سنە لە ژوورەکەی هێنایە دەرەوە.ئەو تەنیا دوای چوونە ناو شوێنی جێبەجێکردنی حوکمەکە و بینینی پەتی سێدارە،لە بڕیاری بەرپرسان بۆ لەسێدارەدانی خۆی ئاگادار بووەوە.
حوکمی سێدارەی شێرکۆ مەعارفی بەرەبەیانی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندان،دەزگای داد و ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز جێبەجێ کرا.تەرمەکەی چەند کاتژمێرێک دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و هەر ئەو ڕۆژە لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتیدا لە گۆڕستانی بانە بە خاک سپێردرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە ئەو حاڵەتانەی لە دۆسیەی شێرکۆ مەعارفیدا ڕاپۆرت کراون،نیگەرانی جیدی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی ژیان،قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییەکی دادپەروەرانە دروست دەکەن.بەپێی ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان،کە ئێران پابەندە پێیەوە،سزای سێدارە تەنیا لە سنوورێکی توندی قورسترین تاوانەکاندا و بە ڕەچاوکردنی تەواوی گەرەنتییەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە دەکرێت جێبەجێ بکرێت. بەپێی لێکدانەوەی گشتیی ژمارە ٣٦ی لێژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان،ئەو تاوانانەی کە ڕاستەوخۆ و بە ئەنقەست نەبنە هۆی مردن،ناکەونە ناو ئەم سنوورەوە.بۆیە تەنیا ئەندامێتی لە حزبێکی سیاسیدا،بەبێ سەلماندنی ڕەفتارێکی شایستەی مەرجەکانی دیاریکراو لە ماددەی ٦دا ناتوانێت ببێتە بنەمایەکی ڕەوا بۆ دەرکردنی حوکمی سێدارە.
هەروەها بانگەشەکانی پێوەندیدار بە ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ،بێبەشکردن لە پارێزەر لە قۆناغی دادگایی سەرەتاییدا و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی،لە دژایەتییەکی جیدی دان لەگەڵ پێداویستییەکانی ماددەکانی ٧،١٠ و ١٤ی پەیماننامەکەدا لە یاسای ناوخۆیی ئێرانیشدا،ئەسڵی ٣٨ی دەستوور ئەشکەنجەدان بۆ وەرگرتنی دانپێدانان یان بەدەستهێنانی زانیاری قەدەغە دەکات و تۆمەتبارکردن بە تاوانی مۆحارەبە پێویستی بە سەڵماندنی توخمە یاساییەکانیەتی بەپێی یاسای باو لە کاتی ئەنجامدانی ڕەفتارە نیسبەتپێدراوەکەدا.جگە لەمەش جێبەجێکردنی حوکمەکە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و پارێزەر و بەنهێشتنەوەی کاتی لەسێدارەدان لە مەحکوم پێویستی لێکۆڵینەوە لە ڕەچاوکردنی گەرەنتییە یاساییەکانی قۆناغی جێبەجێکردنی حوکمەکە زەق دەکاتەوە.
له ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤەوە ئەگەر دەرکردنی حوکمی سێدارە لە ئەنجامی دادگاییەکدا بووبێت کە گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانەی پێشێل کردبێت،جێبەجێکردنی دەکرێت وەک نموونەی زەوتکردنی سەرەڕویانەی ژیان هەژمار بکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کاریگەر سەبارەت بە بانگەشەکانی ئەشکەنجە،پرۆسەی دادگایییکردن و شێوازی جێبەجێکردنی حوکمی شێرکۆ مەعاریفی دەکاتەوە و داوای ڕوونکردنەوەی بەرپرسیارێتی بەرپرسانی تێوەگڵاو و گەرەنتییکردنی مافی بنەماڵەکەی بۆ ڕاستی،دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی کاریگەر دەکات.
