بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ ژمارەیەک لە داربەڕووە کۆنەکان لە سنووری گۆڕستانی مێژوویی سڵێمانبەگ هەڵکەوتوو لە سەر ڕێگای جاددەی ئارمگای مێژوویی شارستانی بانە، بە دەستی کەسانێک بە مەبەستی داگیرکردنی زەوییەکانی ئەم سنوورە بڕدراونەتەوە و لە ڕەیشەوە دەرهێنراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەم کارانە بە مەبەستی پارچەکردنی دار و فرۆشتنی بەشێک لە زەوییەکانی گۆڕستانەکە ئەنجام دراون و تا ئێستا بەشێک لە داپۆشینی ڕووەکی و ناوچە سروشتییەکەی تێک دراوە.
گۆڕستانی سڵێمانبەگ، سەرەڕای پێگەی مێژوویی و کەلتووری و گرنگییەکەی بۆ بنەماڵەکانی خەڵکی بانە بەهۆی هەبوونی داربەڕووە کۆنەکانەوە،بەشێک لە میراتی سروشتی و ژینگەی بەنرخی ناوچەکە دێتە ئەژمار.لەناوچوونی ئەم دارانە،جیا لە زیانگەیاندن بە داپۆشینی ڕووەکی،دەتوانێت دەرئەنجامی قەرەبوونەکراوەی بۆ هەمەجۆریی زیندەیی،جێگیریی خاک و هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیی ئەم سنوورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە تێکدانی ئەم میراتە سروشتییە و ئەگەری بەردەوامبوونی داگیرکاری و گۆڕینی بەکارهێنانی زەوییەکانی دەربڕیوە.پاراستنی ئەم سنوورە و ڕێگریکردن لە تێکدانی زیاتر،پێویستی بە دەستێوەردانی کاریگەری دامەزراوە بەرپرسەکانی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو کارانە هەیە کە ئەنجام دراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە،چاوپێکەوتنێک یان زانیارییەک لەسەر هەنگاوەکانی دامەزراوە بەرپرسەکان بۆ ڕاگرتنی تێکدانەکە و ناسینی ئەنجامدەرانی لەبەر دەستدا نییە.
