گواستنەوەی ئەفشین عەزیزی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار بووەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، ئەفشین عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی دزەی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.

بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە هاوینی ١٤٠٥ لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» سزای سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێنرابوو. ئەم سزایە پاش بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییکردنی دەرچووە.

ئەفشین عەزیزی لە ئێستادا ماوەی سزاکەی لە بەندی ئیرشادی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کە شوێنی ڕاگرتنی بەندکراوانی سیاسی و بیروباوەڕییە، تێپەڕ دەکات.

شایانی باسە، ئەفشین عەزیزی هاوڕێ لەگەڵ کاکۆ عەزیزی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شارۆچکەی دزە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابوونەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. هەروەها ناوبراوان لە تەواوی ماوەی دەستبەسەربوون و لێکۆڵینەوەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین