سەراوڵە؛ نوورەدین چەلەنگەر بە ١٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و پێدانی سزای دارایی سزا درا

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ نوورەدین چەلەنگەر، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەرابلە سەر بە پارێزگای ئیلام، دوابەدوای کردنەوەی دۆسیەی دادوەریی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەرجەم ١٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و پێدانی ٣٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی سزا دراوە.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هانا، کۆتاییەکانی ڕەزبەری ١٤٠٥، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شاری چەرداوڕ بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەد سەرباز جەمشید، ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان” بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتەکانی دیکە لەوانە “هەنگاونان دژی تەناهیی نیشتمانی” بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری و پێدانی ٣٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی سزا داوە.

نوورەدین چەلەنگەر ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بەبێ پێشکەشکردنی فەرمانی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرا. ناوبراو بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا خرایە ژێر لێپرسینەوە.

شایانی باسە، ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرا و سەرەنجام پاش تێپەڕاندنی مانگێک و هەشت ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی بەشێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە زیندان ئازاد کرابوو.

دەرچوونی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە دەستبەسەرکردنی سەرەتایی نوورەدین چەلەنگەر بەبێ نیشاندانی فەرمانی دادوەری ئەنجام دراوە و ڕاپۆرتگەلێکیش سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی خراپی جەستەیی بەرامبەری لە ماوەی دەستبەسەریدا بڵاو کراونەتەوە؛ ئەو بابەتانەی کە لە ڕوانگەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و قەدەغەکردنی ئەشکەنجەوە، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و وەڵامدانەوەی دامەزراوە بەرپرسەکان هەیە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین