ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، “مۆنا دەباغ”، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و هاووڵاتیی خەڵکی سنە، پاش سەردانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
مۆنا دەباغ پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی لە پێناو بەهێزکردنی ڕژێمی زایۆنیستی بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو. پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حوکمەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان کرا و لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوە لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥دا، سزاکەی بۆ تۆمەتی یەکەم بۆ سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری زیاد کرد و سزای ساڵێک زیندانی بۆ تۆمەتی دووەم پەسەند کرد.
بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی و بە جێبەجێکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە کۆکردنەوەی حوکمەکان، توندترین سزا کە بریتییە لە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری، شیاوی جێبەجێکردنە.
مۆنا دەباغ پێشتر لە ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا، لە ئەنجامی هەڵکووتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی لە سنە دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو. ناوبراو پاش ١٢ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
