کوژرانی عەلی ئوسلوب بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە پیرانشار

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، عەلی ئوسلوب، شارۆمەندی تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی ئاوایی کێلە سیپانی سەر بە پیرانشار، لە نزیک ئاوایی جڵدیان بە هۆی تەقەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات گیانی لە دەستداوە.

ئەو زانیارییانەی بە هانا گەیشتوون دەری دەخەن کە عەلی ئوسلوب لە کاتی ڕۆیشتنی بە ماتۆڕسیکلێت لە یەکێک لە ڕێگاکانی نزیک جڵدیان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە گەمارۆ دراوە. بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، هێزەکان بە چەکی کڵاشینکۆف و دۆشکە تەقەیان لەو کردووە و بە هۆی بەرکەوتنی چەندین گوللە گیانی لە دەستداوە.

دوای تەقەکردنەکە هێزە ئەمنییەکان تەرمەکەیان لەو شوێنە ڕاگوێزاوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردووە. بنەماڵەکە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە سەردانی دادگوستەری و ئیدارەی ئیتڵاعاتی پیرانشاریان کردووە. داواکاری گشتی پیرانشار لە جەریانی ئەو سەردانەدا گیانلەدەستدانی عەلی ئوسلوب و بوونی تەرمەکە لای دامودەزگا ئەمنییەکانی پشتڕاست کرووەتەوە.

بەکارهێنانی هێزی کوشندە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە پابەندە بە ستانداردە توندەکانی مافی مرۆڤ و تەنها لە کاتی پێویستدا بۆ پاراستنی ژیان لە مەترسییەکی نزیک لە مردن یان برینداربوونی سەخت دەتوانرێت پاساو بدرێت.
لەم دۆسیەیەدا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە تۆمەتبارەکە چەکدار بووە یان هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە هەبووە، هەروەها هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە سەبارەت بە پێویستی یان ڕێژەیی تەقەکردنەکە نەدراوە. ڕوونکردنەوەی بارودۆخی ڕووداوەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەر و شەفاف لە بارودۆخی تەقەکردنەکە و کردەوەی هێزەکانی پەیوەندیدار هەیە.

هەروەها بەردەوامی هێشتنەوەی تەرمەکە و ڕادەست نەکردنی بە خێزانەکه، بەبێ ئاماژه به بنەمایەکی یاسایی و پێویستییەکی دیاریکراو، مافی خێزان بۆ زانینی چارەنووسی تەرمەکه و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ماتەمینی سنووردار دەکات.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری گەمارۆدانی عەلی ئوسلوب و بنەمای تەقەکردنەکە، هۆکاری شاردنەوەی تەرمەکە و کاتی گەڕانەوەی بۆ بنەماڵەکە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە. هانا خەریکە لێکۆڵینەوە لە زانیاری زیاتر لە سەر ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین