بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، بەرەبەیانی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی ، «لوقمان سەیدە» و «محەممەد دانشمایە»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
لوقمان سەیدە، هاووڵاتییەکی خێزانداری خەڵکی «پەسوە»ی سەر بە پیرانشارە، کە لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ پیشاندانی بڕیاری قەزایی دەستبەسەر کراوە.
هەروەها محەممەد دانشمایە، کوڕی قادر کە بە ناوی «محەممەد بێوەفا»ش دەناسرێت، بەبێ پیشاندانی بڕیاری قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکی جیادا هەواڵی دەستبەسەرکردنی «سۆران مەحموودی»، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی پیرانشار، لە بەرەبەیانی هەمان ڕۆژدا بڵاو کردبووەوە. بە هەژمارکردنی ئەم دوو حاڵەتە نوێیە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ماوەی یەک ڕۆژدا لە پیرانشار دەستبەسەر کراون گەیشتە لانیکەم سێ کەس.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی دەستڕاگەیشتنی لوقمان سەیدە و محەممەد دانشمایە بە پارێزەر و بنەماڵە لەبەردەستدا نییە.
