ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر تەندروستیی دەروونی و دواڕۆژی منداڵان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هۆشداری دەدات لە بارودۆخی قەیراناوی و ئاسەوارە دەروونییە قورس و بەرفراوانانەی کە بەهۆی هێرشە بەردەوامە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەسەر منداڵانی نیشتەجێی کەمپەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق هاتوون. هانا ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتان سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵان و پاراستنی دانیشتووانی مەدەنی دادەنێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا، و بەتایبەت لە دوای دەسپێکی “جەنگی ١٢ ڕۆژە” تا ئێستا، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان و کەمپەکانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بوونەتەوە. ئەم هێرشانە، جگە لە زیانە گیانی و ماددییەکان، کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەنیان لەسەر تەندروستیی دەروونیی منداڵان جێهێشتووە و زۆرێک لەوانی تووشی دڵەڕاوکێی بەردەوام، ترسی هەمیشەیی، مۆتەکەی شەوانە و نیشانەکانی شێواویی دوای زەبرە دەروونییەکان (PTSD) کردووە. بەردەوامبوونی ژیان لە کەشێکی نائارام و پڕ لە هەڕەشەی هێرشە سەربازییەکان، ئاسایشی دەروونی و هەستی سەقامگیریی لە منداڵانی ئەو کەمپانە سەندووەتەوە؛ ئەو منداڵانەی کە لە ژێر سایەی ترس و نائاسایشیدا گەورە دەبن

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان و بەدواداچوونە مەیدانییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی نیشتەجێی ئەم کەمپانە دوای هێرشەکان ناچار بە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و بەجێهێشتنی شوێنی ژیانیان بوون. ئەم دۆخە لە پاڵ نەبوونی ژێرخانی پەروەردەیی، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە قوتابخانە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پاڵپشتی و دەروون‌دەرمانی، بووەتە هۆی ئالۆزی جیدیی پرۆسەی خوێندن و بێبەشبوونی زۆرێک لە منداڵان لە مافی فێربوون؛ مەرجێک کە کاریگەرییەکی نەرێنیی قووڵی لەسەر دواڕۆژی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و دەروونیی ئەو منداڵانە داناوە.

منداڵانی ئەم ناوچانە لە بارودۆخێکدا دەژین کە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی نائەمنی، ناجێگیریی دەروونی، مەترسیی هێرشی سەربازی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ دەبنەوە. ئەم دۆخە دژایەتییەکی ئاشکرای لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ، کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان و یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان هەیە، لەوانەش مافی ژیان، مافی ئاسایش، مافی سوودمەندبوون لە تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و مافی گەشەکردن لە ژینگەیەکی ئارام و بێ توندوتیژیدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان و دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن لە نێو منداڵاندا، دەکرێت وەک پێشێلکاریی جیدیی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی هەژمار بکرێت، بەتایبەت “ئەسڵی جیاکاری” لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان و ئەسڵی پاراستنی مەدەنییەکان لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا.

هانا بە جەختکردنەوە لەسەر بەرپرسیارێتیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، داوا لە «یونیسێف»، ڕاپۆرتنێرە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی منداڵان دەکات کە بەرانبەر بە بەردەوامیی ئەم هێرشانە و کاریگەرییە وێرانکەرەکانیان لەسەر تەندروستیی دەروونی و دواڕۆژی منداڵان، هەڵوێستێکی خێرا، کاریگەر و بەرپرسانە وەربگرن و بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و دڵنیابوون لە پاراستنی ئاسایش و تەندروستیی منداڵانی پەنابەر لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوی کردەیی و بەپەلە بنێن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین