ڕاپۆرتی هانا لەسەر دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردنی چووار لەخۆپیشاندەرانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤

ڕاپۆرتی هانا لەسەر دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی چووار لەخۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئیمان ئەفشاری، محەمەدرەزا مەجیدی‌ئەسڵ، بیتا هێمەتی، بێهروز زەمانی‌نژاد و کورۆش زەمانی‌نژاد لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانە گشتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ بە ئێعدام محکوم کردووە. هەروەها لەم پەیوەندیەدا، ئەمیر هێمەتی بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندان محکوم کراوە. محەمەدرەزا مەجیدی‌ئەسڵ و بیتا هێمەتی هاوسەرن و ئەمیر هێمەتی برای بیتا هێمەتییە.
دادگا لە بڕیارەکەیدا، ئەم چوار نارازییە بە پشتبەستن بە ماددەی ١ی یاسای ناسراو بە «توندکردنی سزا بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕژیمی سەهیۆنیستی و وڵاتێکی دوژمن دژی ئاسایشی نیشتمانی»، بە «کرداری ئۆپەراسیۆنی بۆ دەوڵەتی دوژمن، ئەمریکا، و گرووپە تیرۆریستییەکان» تاوانبار کردووە و حوکمی ئێعدامی بۆیان دەرکردووە. دادگا هەروەها لەبارەی تاوانی «کۆبوونەوە و هاوپیمانی» بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و دەستبەسەرگرتنی هەموو سامانیان محکوم کردووە.

دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵک و ماڵی ناڕازییان نیشاندەری پەرەسەندنی ڕوونی سەرکوتی قەزایی لە کۆماری ئیسلامیدایە. حکومەت بە کەڵک وەرگرتن لە تۆمەتی ئەمنی، لە یەک کاتدا سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەن و بێبەشکردنی دارایی لە دژی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی بە تیرۆر و هەژاری و لەناوبردنی ژیان وەڵامی ناڕەزایەتی کۆمەڵگا بداتەوە. ئەم سزایانە لە یەک کاتدا مافی ژیان و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی موڵک و ماڵی پێشێل دەکەن و جارێکی دیکە نیشان دەدەن کە سیستەمی دادوەری خراوەتە خزمەت سەرکوتی سیاسی نەک دەستەبەرکردنی دادپەروەری.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین