ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە ٢٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بێدەنگی لە چارەنووسی مەریەم مرادیان و سیرووس حەمیدی لە دیواندەرە

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، دوای تێپەڕبوونی ٢٧ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی مەریەم مرادیان و سیرووس حەمیدی، خەڵکی گوندی زەفەرئاوای سەر بە شاری دیواندەرە، هێشتا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر شوێنی ڕاگرتن، باری جەستەیی و دەروونی و دۆخی دەستبەسەریی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

مەریەم مرادیان و سیرووس حەمیدی ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، لەگەڵ کچە ١٦ ساڵانەکەیان بە ناوی کوردیا حه میدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ پیشاندانی حوکمی دادگا دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. کوردیا حەمیدی دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەرکران ئازاد کرا، بەڵام دایک و باوکی هێشتا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان، بەرپرسانی ئەمنی و قەزایی تا ئێستا هیچ زانیارییەکی دیاریکراویان دەربارەی شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە نەداوە. هەروەها، بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ناوبراوان لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا لە پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئەگەری هەیە بخرێنە پاڵیان، بە شێوەیەکی فەرمی و شەفاف ڕانەگەیەندراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە و بێبەشکردنیان لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر ڕادەگەیەنێت. هانا جەخت دەکاتەوە کە دادستانی گشتیی دیواندەرە و بەڕێوەبەری گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان، بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆیان لە گەرەنتی کردنی تەندروستی و پاراستنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە ئەستۆدایە.

هانا ڕایدەگەیەنێت کە لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە زیانێکی جەستەیی یان دەروونی، یان سەپاندنی فشار بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەم بەرپرسانە دەبێت وەڵامدەرەوە بن. هانا داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتنیان و دابینکردنی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو دەکات.

بەردەوامیی بێدەنگی لە چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە دوای تێپەڕبوونی ٢٧ ڕۆژ، نیگەرانییەکان لەسەر باریان زیاتر دەکات و مەترسییەکانی سەر ژیان و سەلامەتییان چڕتر دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین