ئێوارەی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی ، نزیکەی کاتژمێر ١٧:٣٠، تانکەرێکی هەڵگری نزیکەی ٢٠ هەزار لیتر بەنزین لە ورودی شاری سنە و لە ڕێگای سنە بۆ هەمەدان، دوای لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی تانکەرەکە، خۆی بە مینی پاسێکدا کێشا. تەقینەوەی تانکەرەکە و پەرەسەندنی خێرای ئاگرەکە بۆ سەر مینیپاسەکە و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەر، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١١ کەس و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە.
مینیپاسەکە هەڵگری ژمارەیەک لە کارمەندانی سازمانی هاویاریی شارەدارییەکانی کوردستان بووە کە دوای تەواوبوونی کارەکەیان دەگەڕانەوە بۆ سنە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی هەشت لە گیانبەختکردووان بە شێوەیەکی بنبڕ پشتڕاست کراوەتەوە و دیاریکردنی ناسنامەی سێ تەرمەکەی دیکە، بەهۆی قورسیی سووتاوییەکەیان، پەیوەستە بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی DNA.لە حەوت بریندارەکەش، دوو کەسیان لە نەخۆشخانە ترخیص کراون و پێنج کەسیان هێشتا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان کە یەکێکیان لە بەشی چاودێریی ورد (ICU) خەوێندراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکانی بەرپرسانی دەزگای قەزایی، کێشەی تەکنیکیی سیستەمی ئیستۆپی تانکەرەکەیان وەک هۆکاری ئەگەریی ڕووداوەکە ڕاگەیاندووە. ئەگەرچی هۆکاری کۆتایی هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام هەر ئەم دۆزینەوە سەرەتایییە ڕاستییەکی نیگەرانکەر ئاشکرا دەکات،تانکەرێک کە هەزاران لیتر ماددەی بە ئاسانی گڕدەگرێت هەڵگرتووە، بەهۆی کێشە لە یەکێک لە سەرەتاییترین بەشەکانی ئیمنی، چووەتە نێو ڕێگەیەکی پڕهاتووچۆ لە ورودی شارێکی وەک سنە و لە کۆتاییدا کارەساتێکی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم ڕووداوە بێپێشینە نییە، لە پووشپەڕی ١٣٩٧یشدا ، تانکەرێکی سووتەمەنی لە بلواری دوکتور حوسێنیی سنە، لە شوێنێکیڵ نزیک بەم ڕووداوە، کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و لەگەڵ ئۆتۆبوسیک پێکدادانی کرد، کە لەوێدا ١٥ کەس بوونە قوربانی. لەو کەیسیشه دا، ئیستۆپی تانکەرەکە، ئیمنیی ڕێگەکە و چۆنیەتیی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە هەڵگرەکانی سووتەمەنی و کارکردنی دەزگا بەرپرسەکان وەک هۆکار لێک درانەوە.
دوای کارەساتی ساڵی ١٣٩٧، ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژەیان بە کێشە ئیمنییەکانی ئەو ڕێگایە و پێویستیی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی تانکەرەکان لە ناو شاردا کردبوو، بەڵام هەشت ساڵ دواتر، هەمان شێوازی مەترسی دووبارە بووەتەوە؛ تانکەری سووتەمەنی، کێشەی ئیستۆپ، لە ورودیی سنە و دووبارە مردنی هاووڵاتییانێک کە هیچ دەورێکیان لە دروستکردنی ئەم مەترسییەدا نەبووە.
لە ڕوانگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە، کەمکردنەوەی وەها کارەساتێک بۆ تەنیا ڕووداوێکی هاتووچۆ، ماهییەتی ڕاستەقینەی بابەتەکە دەشارێتەوە. مەترسییەک کە پێشتر بووەتە هۆی مردنی بەکۆمەڵ و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ناسراوە و هۆشداریی لێ دراوە، چیتر مەترسییەکی نەناسراو یان پێشبینینەکراو نییە.
دووبارەبوونەوەی ئەم شێوازە ، نیشانەیەکی ڕوونی شکستی بونیادیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە لە ئەنجامدانی یەکێک لە سەرەتاییترین ئەرکە گشتییەکانی خۆی، کە ئەویش پاراستنی کاریگەری گیانی هاووڵاتییانە.
ڕێسا ناوخۆیییەکانیش بەرپرسیارێتیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانیان ڕوون کردووەتەوە؛ گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان پێویستی بە مەرجی تایبەت هەیە دەربارەی توانای تەکنیکیی ئۆتۆمبێلەکە، ئیمنیی و سەلامەتیی ئۆتۆمبێل ، کۆنترۆڵکردنی بەردەوام و چاودێریی لایەنە بەرپرسیارەکان.
هەر بۆیە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی کێشەی ئیستۆپ، ڕاگەیاندنی تەنیا کێشەی تەکنیکی ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی بەرپرسیارێتیی مردنی ١١ مرۆڤ دیاری بکات. بەرپرسیارێتی دەبێت لە سەرتاسەری زنجیرەی چاودێریدا لێک بدرێتەوە،لە پشتڕاستکردنەوەی توانای تەکنیکیی تانکەرەکەوە بگرە تا شێوازی کارکردنی کۆمپانیای گواستنەوە و دەزگا چاودێرەکان.
لە ڕوانگەی هاناوە، مافی ژیان تەنیا لە بەرانبەر زەوتکردنی ڕاستەوخۆی گیانی مرۆڤەکاندا پارێزگاری لێ ناکرێت، بەڵکوو ئەم مافە حکوومەت ئەرکدار دەکات کە لە بەرانبەر مەترسییە جیدی، ناسراو و پێشبینیکراوەکانیشدا ڕێکاری پێشوەختە و کاریگەر بگرێتە بەر.
چاودێریی گواستنەوەی ماددە سووتێنەر و مەترسیدارەکان، کۆنتڕۆڵی تەندروستیی تەکنیکیی ئۆتۆمبێلە گەورە و باربەرەکان و پاراستنی ڕێگا مەترسیدارەکان، نەک ئیمتیازێکی کارگێڕی، بەڵکوو بەشێکە لە بەڵێننامەی حکوومەت بۆ پاراستنی گیانی خەڵک. بۆ خەڵکی کوردستان، ئەم ناکارامەیییە لە بارودۆخێکدا ڕوو دەدات کە کۆمەڵگە هاوکات باری قورسی جەنگ، گوشاری ئابووری، گرانی، جیاکاری و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافە بنەڕەتییەکان تەحەممول دەکات. لە وەها دۆخێکدا، دەستەوەستانیی دەسەڵات لە دابینکردنی سەرەتاییترین ئاستی ئیمنیی گشتی، نیشانی دەدات کە خراپبوونی دۆخ تەنیا سیاسی یان ئابووری نییە، بەڵکوو گەیشتووەتە قۆناغی داخورانی کارکردە بنەڕەتییەکانی حکوومەت لە پاراستنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا.
دوای ئەم ڕووداوەش دووبارە فەرمانی پێڕاگەییشتنی خێرا و بەڵێنی لێکۆڵینەوە دەرچووە، بەڵام بایەخی ڕاستەقینەی ئەم فەرمانانە دەبێت بە دەرەنجامی هەنگاوەکانی دوای کارەساتی ساڵی ١٣٩٧ بپێورێت. ئەو ڕووداوەش لێکۆڵینەوەی بۆ کرا، بەرپرسیارێتیی ناوەند و تاکەکان لە ڕووداوەکەدا دیاری کرا، بەڵام هەشت ساڵ دواتر، ١١ کەسی دیکە لە ڕووداوێکدا بە هەمان شێواز گیانیان لەدەست دا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێی وایە فەرمانەکانی دوای ڕووداو نابنە جێگرەوەی بەرپرسیارێتیی ڕێگریکارانە کە دەبوو پێش مردنی هاووڵاتییان جێبەجێ کرابان. پێکهاتەیەک کە مەترسییەکە دەناسێت و ساڵانێکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، ناتوانێت بە دروستکردنی دۆسیەیەکی تر بەرپرسیارێتیی خۆی بە کۆتاییهاتوو بزانێت.
مردنی ١١ هاووڵاتی لە سنە تەنیا بەهۆی تێکچوونی ئیستۆپێکەوە نییە؛ کێشە سەرەکییەکە بەردەوامیی مەترسییەکی ناسراو و ناکارامەیی بونیادیی دەسەڵاتە لە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.
