بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، هانا رکان، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی کرماشان، بە هۆی تەقەکردن بە چەکی ڕاو گیانی لەدەست داوە و باوکی وەک تۆمەتباری کوشتنەکە دەستنیشان کراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، هانا لەکاتی تەقەکردنەکە لە خەودا بووە و بەهۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیاری هاوسەرگیری هانا لەلایەن باوکیەوە دژایەتی لەگەڵ کراوە و ئەمەش وەک پاڵنەرێکی ئەگەری بۆ کوشتنەکە دادەنرێت. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە پاڵنەری کوشتنەکە و باری یاسایی باوکەکە و ئەنجامی کارەکانی لایەنی بەرپرسیار بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
کوشتنی هانا جارێکی دیکە نەبوونی پاراستنی یاسایی کاریگەر بۆ ژنان و کچان لە بەرامبەر توندوتیژی خێزانیدا، نیشان دەدات. لە کۆماری ئیسلامیدا حکوومەت لە لایەنەکانی ژیانی تایبەتی ژنان، لەوانەش شێوازی جل و بەرگیان، لە ڕێگەی یاسایی و کەیفەریەوە دەستوەردان دەکات، بەڵام لەو حاڵەتانەی کە ژنان و منداڵان لە چوارچێوەی ژینگەی بنەماڵەدا ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە، هیچ پارێزگارییەکی یاسایی کاریگەر و ڕێگریکەر بوونی نییە.
ئەم بۆشایی پاراستن و پشتیوانییە، لەگەڵ پێکهاتە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی باوک، مێرد، یان پیاوانی دیکەی خێزان دامەزراون، دەتوانێت سەربەخۆیی ژنان و کچان لە بڕیاردان سەبارەت بە هاوسەرگیری و ژیانی کەسیدا ڕووبەڕووی کۆنترۆڵکردن و توندوتیژی بکات. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، توندوتیژی خێزانی چیتر تەنها پرسێکی تایبەت و کەسێ نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مافی ژیان، ئاسایشی کەسی و بەرپرسیارێتی حکومەت لە پاراستنی ژنان و منداڵانەوە هەیە.
