بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦، لانیکەم ٧٧ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە شار و ئاواییەکانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراون.
داتا و زانیارییە تۆمارکراوەکان لەم ڕاپۆرتەدا لە ڕێگای لێکۆڵینەوەی مەیدانی، گفتوگۆ لەگەڵ قوربانیانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە سەر بەڵگەنامەکان و سەرچاوەکان، کۆکراوەتەوە و دواتر لە ڕێگای سەرچاوە سەربەخۆکانەوە راستی ئازمایی کراون. ئەگەرچی دەستگەیشتن بە ئامار و زانیاری لە ئێران زۆر ئەستەمە، بەڵام هانا هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی زانیارییە کۆکراوەکان ڕاست و درووست بن.
بەم پێیە، ئەم ڕاپۆرتە تەنها شمولی ئەو حاڵەتانە دەکات کە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ڕاستی و درووستی زانیارییەکان دڵنیا بووبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هانا، زۆربەری دەستبەسەرکردنەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە یان بڕیاری دادوەر ئەنجام دراوە. لە نێو ٧٧ شارۆمەندی دەستبەسەرکراودا ١١ ژن و یەک منداڵی ١٦ ساڵە بوونیان هەیە. ٣ کەس لە دەستبەسەرکراوان لەوانەش دوو ژن بە لێدانی ٧٤ قامچی سزا دراون و سزاکان جێبەجێ کراون. بۆ ٨ کەس لە دەستبەسەرکراوان لە کۆی گشتیدا سزای ٢٣ ساڵ بەندکران دەرچووە یەکێکیشیان سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.
ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ دەستبەسەرکراوان بریتین لە هاوکاری و ئەندامێتی لە حزبه کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، چالاکی مەدەنی و سنفی، چالاکی میدیایی و بڵاو کردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە کۆی ٧٧ شارۆمەندی دەستبەسەرکراو، ٣٩ کەس لە پارێزگای سنە، ٣٢ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا و ٥ کەس لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون.
