بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە جێبەجێکردنی «گەڵاڵەی ڕێکخستن و دەرکردنی نیشتەجێبووانی نایاساییی ئەفغانستانی» ڕانەگیراوە و هێشتا بەردەوامە. ئەم سیاسەتە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە لێکەوتەکانی جەنگ و چڕبوونەوەی کەشی ئەمنی لە ئێران، دۆخی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەفغانستانیی لە جاران ناسکتر و مەترسیدارتر کردووە.
هانا پێشتر لە دوو ڕاپۆرتی جیادا هۆشداریی دەربارەی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لە ئێران دابوو و ئاماژەی بە حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن، خراپ مامەڵەکردن، دەرکردن، لێکدابڕانی ئەندامانی بنەماڵە و کێشە جیدییەکانی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەی ناسنامەیی و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان کردبوو. بەردەوامیی گەڵاڵەی ناسراو بە «دەرکردن» لە دۆخی ئێستادا، نیگەرانییەکانی لەسەر پەرەسەندنی ئەم پێشێلکارییانە زیاد کردووە.
نیگەرانیی تایبەتیی هانا ڕووی لە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و ژنانی ئەفغانستانییە. دۆخی نیشتەجێبوونی دایک و باوک نابێتە هۆی لەناوچوونی مافە سەربەخۆکانی منداڵ و نەبوونی بەڵگەی نیشتەجێبوونیش مۆڵەت نییە بۆ دەستبەسەرکردن، لێکدابڕانی لە بنەماڵە یان دەرکردنی منداڵ بەبێ هەڵسەنگاندنی دۆخی تاکەکەسیی ئەو.
هەر بڕیارێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چارەنووسی منداڵ دەبێت، دەبێت بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی منداڵ، پاراستنی یەکپارچەییی بنەماڵە و پاڵپشتیی تایبەت لە منداڵانی بێسەرپەرشت بدرێت. جێبەجێکردنی بەرفراوانی سیاسەتی «دەرکردن» بەبێ هەبوونی میکانیزمێکی ڕوون بۆ ناسینەوە و پاڵپشتی لە منداڵانی ژێر مەترسی، دەکرێت ئەوان لەگەڵ لێکدابڕان لە دایک و باوک، وازهێنان لە خوێندن، نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی، بێناسنامەیی، چەوساندنەوە و گەڕانەوە بۆ ژینگەیەکی نائارام ڕووبەڕوو بکاتەوە.
ئەم نیگەرانییە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە ئێران لەدایک بوون یان زۆربەی ژیانیان لەو وڵاتەدا بەسەر بردووە، گرنگییەکی زیاتری هەیە. دۆخی ژنان و کچانی ئەفغانستانیش لەگەڵ مەترسیی دوو قات ڕووبەڕووە. گەڕاندنەوەیان بۆ ئەفغانستان بەبێ هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی ئەو مەترسییانەی بەهۆی ڕەگەز، پێشینەی چالاکیی کۆمەڵایەتی یان سیاسی، دۆخی خێزانی و نەبوونی تۆڕی پاڵپشتییەوە هەیانە، دەکرێت ئەوان بخاتە بەر پێشێلکردنی جیدیی مافە بنەڕەتییەکان.
تەنیا بەکارهێنانی ناونیشانی «نیشتەجێبووی نایاسایی» نابێتە جێگرەوەی هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی بۆ دۆخ و پێویستیی هەر کەسێک بە پاڵپشتی. هانا جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی حکوومەت لە ڕێکخستنی نیشتەجێبوونی بیانییەکاندا ڕەها نییە.
جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێت بە ڕەچاوکردنی ئەسڵی قەدەغەی گەڕاندنەوە (Non-refoulement)، قەدەغەی دەرکردنی بەکۆمەڵ، مافی پێڕاگەییشتنی تاکەکەسی، یەکپارچەییی بنەماڵە و پێویستییە تایبەتەکانی پاڵپشتی لە ژنان و منداڵان بێت.
لە دۆخی جەنگی و ئەمنیی ئێستادا، بەردەوامیی «رێکخستن و ڕاگواستن» بەبێ گەرەنتییە یاسایی و پاڵپشتییە کاریگەرەکان، مەترسیی توندبوونی پێشێلکردنی مافەکانی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەفغانستانی، بەتایبەت ژنان و منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵی، بە شێوەیەکی جیدی زیاد کردووە.
