بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، «سەید ئەحمەد سەیدعەبدوڵڵاهی»، دەروونناس و ڕاوێژکاری خەڵکی بروجن و نیشتەجێی تاران، لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی بۆ تێپەڕاندنی سزای حەوت مانگ بەندکرانەکەی لە زیندانی بروجندا بەسەر دەبات. هاوکات، دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران» بۆ ناوبراو دروست کراوە کە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.
دۆسیەی یەکەم دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە زمانی ئینگلیزی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی و ناردنی بۆ کەناڵێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی دروست ببوو. سەیدعەبدوڵڵاهی لەم دۆسیەیەدا بە تۆمەتی «ئەنجامدانی چالاکیی میدیایی پێچەوانەی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای حەوت مانگ بەندکران و پێنج ساڵ بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە گشتی و حکوومییەکانی بەسەردا سەپابوو.
ناوبراو بۆ یەکەم جار ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ماڵی باوکی لە بروجن، بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری، لەلایەن مەئموورانی جلی مەدەنییەوە دەستبەسەر کرا. تەلەفۆنی مۆبایل و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی ناو ماڵەکەشیان زەوت کرد و بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسی و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئەسفەهاندا ڕاگیرا.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، سەیدعەبدوڵڵاهی لەو ماوەیەدا بۆ ١٧ ڕۆژ لە پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش کرا و بنەماڵەکەشی لە ڕۆژانی سەرەتادا شوێنی ڕاگرتنیان نەدەزانی. دەستبەسەرکردنی دووەمی ناوبراو لە جۆزەردانی ١٤٠٥ و لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» بوو.
سەیدعەبدوڵڵاهی ڕۆژی ١٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بەڵام تەنیا دوای دوو ڕۆژ، بۆ جێبەجێکردنی سزای دۆسیەی یەکەم دووبارە دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی بروجن گواسترایەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بنەمای حوکمی یەکەم، بڵاوکردنەوە و ناردنی پەیامێکی سیاسی بووە؛ سەپاندنی سزای بەندکران و بێبەشکردنی پێنج ساڵە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەبێ هەبوونی ڕەفتاری توندوتیژانە یان هەڕەشەیەکی دیاریکراو دژی ئاسایشی نەتەوەیی، لەگەڵ مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە ماددەی ١٩ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا ناتەبایە.
هەروەها دەستبەسەرکردنی بەبێ حوکم و بڕینی پەیوەندی بە بنەماڵەوە، تەنانەت پێشێلکردنی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیشە. هانا پێی وایە دروستکردنی دۆسیەی دووەم، درێژەی هەمان ڕەوتی ڕاوەدوونانی سزایییە بەهۆی دەربڕینی بیروڕا و چالاکیی میدیاییی ناوبراوەوە.
