ئەمیر خالدیان شارۆمەندی تەمەن ٣٤ ساڵ، خەڵکی شاری قوروە، دوای نزیکەی ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەری لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وردەکاری سەبارەت بە چۆنیەتی ئازاد کردن و بارودۆخی دۆسیەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەو لە سەرەتاکانی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپا لە قوروە دەستبەسەر کرا و لە ماوەی دەستبەسەریدا، هیچ ڕوونکردنەوە و زانیارییەکی فەرمی لە سەر پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی بڵاو نەکرایەوە. بەدواداچوونی بەردەوامیی بنەماڵەکەشی بە مەبەستی ئاگاداربوونیان لە هۆکاری بەردەوامی دەستبەسەری و بارودۆخی دۆسیەکەی ئەنجامێکی نەبوو.
ئەمیر خالدیان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەردەوامی دەستبەسەری و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی ماوەیەک مافی لە خواردن گرت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە پێی ڕاپۆرتە بەردەستەکان، ئەو لە ماوەی دەستبەسەری بۆ وەرگرتنی دانپێدانان گوشاری خراوەتە سەر و زانیاری فەرمی لە سەر تۆمەتەکان و بەڵگەنامەکانی دۆسیەکە نەخراوەتە بەردەستی خۆی و بنەماڵەکەی.
دەستبەسەرکردنی ئەو پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە هەیە. ئەمیر خالدیان پێشتریش لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی شەهرامفەر لە سنە ڕاگوێزرابوو. ئەو دوای دوو هەفتە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و دۆسیەی پێشوویی شموولی لێخۆشبوون(عەفوات)ی کرد.
