بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، «مەحموود شاددڵ»، تەمەن ٣٠ ساڵ، هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور و پاڵەوانی پێشبڕکێکانی ماتۆڕسواریی وڵات، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی بجنووردەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.
لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان بۆ هانا، ئەم هاووڵاتییە نزیکەی ١٠ ڕۆژ دوای ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواسترابووەوە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەئموورەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەشی کردووە.
مەحموود شاددڵ لە ماوەی دەستبەسەریدا لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و مەئموورە ئەمنییەکان بە کێشانی نینۆکەکانی قاچی ویستوویانە ناچاری بکەن دان بە تۆمەتە هەڵبەستراوەکاندا بنێت، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە دانپێدانانی زۆرەملێ بکات. ناوبراو دوای دوو هەفتە دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لقی دووی دادگای ئینقلابی بجنوورد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەید جەعفەر هاشمی»، ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» و «کۆبوونەوە و تەگبیر دژی ئاسایشی نەتەوەیی» بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کردووە. حوکمە دەرچووەکە لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ بە شێوەی زارەکی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
هەروەها مەحموود شاددڵ لە تەواوی قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن و پێڕاگەییشتنی دادوەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە کە ئەگەر داوای پێداچوونەوەی حوکمەکە بکات، سزاکەی قورستر دەکرێت.
