بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شەوی یەکشەممە ١٤ی پوشپەڕی ١٤٠٥، مەلا ئەبوبەکر یوسفی ناسراو بە مەلا ئەبوبەکر هەڵوێ، کوڕی حاجی ئەحمەد و یونس موساپور هەردووکیان خەڵکی شارۆچکەی نەڵاسی سەر بە قەزای ڕەبەتی شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان بە چەک هەڵیانکوتاوەتە سەر خانە باخێکی خێزانی لە شاری نەڵاس، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئەم دوو شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەکی زۆر فیشەکیان تەقاندووە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای ئەوانەی لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون دروستکردووە.
بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، تا ئێستا هیچ جۆرە هەواڵ و زانیارییەکی فەرمی لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم دوو شارۆمەندە نەخراوەتەڕوو. بنەماڵەی ئەم دوو شارۆمەندەش سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، هێشتا هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنوس و بارودۆخیان نیە.
