بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٧ی ژوئینی ٢٠٢٦)، کاسبکارێکی سنووری بە ناسنامەی «محەممەد نادری»، خەڵکی گوندی «سەهەردۆش»ی سەر بە شاری مەریوان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی سوپای پاسداران بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان؛ محەممەد نادری لە سنووری «دەوڵەبی»ی مەریوان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە بنکەی سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و لە ناحیەی قاچییەوە بە سەختی بریندار بووە.
شایانی باسە، ئەم کاسبکارە دوای بەرکەوتنی گوللە، بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و دوای ڕۆژێک مانەوە و وەرگرتنی چاودێرییە سەرەتایییەکان، لە نەخۆشخانە هێنراوەتە دەرەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای شەرمەزارکردنی تەقەی بێسەروبەری هێزە ئەمنییەکان لە کاسبکاران و کۆڵبەران، ئەم کردەوانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەزانێت.
