دەرچوونی سزای بەندکران،شەڵاق و دوورخستنەوە بۆ خەلیل ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بجنوورد

«خەلیل ڕەسووڵی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بجنوورد و یەکێک لە بریندارە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، ٨٠ زەبری شەڵاق و دوو ساڵ دوورخستنەوە (نەفی بەلەد) بۆ شاری خاش-ی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکان لە مەشهەد دەرچووە و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. خەلیل ڕەسووڵی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، بە تۆمەتەکانی «هاندان بۆ پشێوی»، «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» و «تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی» دادگایی کراوە و ئەو سزایانەی بەسەردا سەپاوە. بەپێی زانیارییەکان، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای هەبوونی چەندین ناونیشانی تۆمەت لەم دۆسیەیەدا، دادوەری پێڕاگەییشتن لە جیاتی جێبەجێکردنی قورسترین سزا (مجازات اشد)، جەختی لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو سزایانە کردووەتەوە کە لە حوکمەکەدا هاتوون.
خەلیل ڕەسووڵی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و پاشان دەستبەسەر کرا. ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد (زیندانی وەکێڵ‌ئاوا) ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات. بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەستبەسەری، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی دادوەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری کاریگەر بێبەش بووە و لە ئێستاشدا خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاوی بۆ دابین نەکراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە شێوازی پێڕاگەییشتنی دادوەری بە دۆسیەی خەلیل ڕەسووڵی، لەو بڕوایەدایە کە بێبەشکردنی ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، ڕەچاونەکردنی تەواوی گەرەنتییە بنەڕەتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە و پشتبەستن بە بەڵگە و ڕاپۆرتەکانی ناوەندە ئەمنییەکان لە پرۆسەی ڕاوەدوونان و دادگاییکردندا، گومان و پرسیاری جیدی دەربارەی گونجانی ئەم ڕەوتە لەگەڵ پابەندبوونەکانی ماددەی ١٤ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پێوەرە ناسراوەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دروست دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین