دەرچوونی سزای بەندکران و حەکمی شەڵاق بۆ مەهدی پاکمێهر، هونەرمەندی کوردی خەڵکی بجنوورد

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «مەهدی پاکمێهر»، هونەرمەندی کوردی خەڵکی بجنوورد و یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە دوو دۆسیەی جیادا لەلایەن دادگاکانی کەیفەری و شۆڕشی ئەم شارەوە، سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکران و ٧٠ زەبری شەڵاق بەسەردا سەپا.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای کەیفەریی بجنووردەوە سزای ساڵێک و سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٧٠ زەبری شەڵاق، و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەشەوە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. دەگوترێت ساڵێک لە سزای دەرچوو لەلایەن دادگای شۆڕشەوە خراوەتە دۆخی هەڵپەسێردراو (تعلیق). ئەم حوکمانە بە شێوەی زارەکی بە ناوبراو ڕاگەیەندراون.
مەهدی پاکمێهر ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەگەڵ ژمارەیەک لە کارمەندانی کافه کەی ،لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و نزیکەی دوو مانگی لە دەستبەسەریدا بەسەر برد. ناوبراو پێش دەستبەسەرکرانیشی، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا بە گوللەی ساچمەیی لە ناحیەی قاچییەوە پێکرابوو و بریندار بوو.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەهدی پاکمێهر، چالاکی کولتووری و سیاسیی خەڵکی بجنوورد، پێشتریش سابەقەی دەستبەسەرکران و گوشاری ئەمنیی لە دۆسیەکەیدا هەبووە. سەرچاوەکانی نزیک لەم دۆسیەیە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە بەڵگە و وێنە بەردەستەکان لەگەڵ بەشێک لەو ئیدیعایانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو یەک ناگرنەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین