کرماشان؛ دۆخی نالەباری جەستەیی و دەروونیی بەندکراوی سیاسی ئومێد چراغی لەژێر چاودێریی پێ بەستی ئەلیکترۆنیدا

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو بە ناوی “ئومێد چراغی” خەڵکی کرماشان، کە ماوەی سزاکەی بە پێ بەستی ئەلیکترۆنی بەسەر دەبات، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی توندی دڵ بەهۆی ئەشکەنجەوە، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە بەڕێز ئومێد چراغی لە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ لە ناوچە سنوورییەکان دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ ماوەی ٧٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا لەژێر توندترین گوشاری دەروونی و ئەشکەنجەی جەستەییدا بووە. ئەم گوشارانە بە ڕادەیەک بوون کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی و دادی لە ناردنی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی بەندیخانە ڕێگرییان کردووە.
ئومێد چراغی دوای کێشانی دوو ساڵ سزای بەندکرانی تەعزیری، لە ئێستادا بە پێوەندی ئەلیکترۆنی ئازاد کراوە. ناوبراو سەرجەم سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دەبێت ماوەی سزا ماوه‌کەی لەژێر چاودێریی ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنی هاتووچۆدا تێپەڕێنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە لێدوانێکدا بۆ هانا ڕایگەیاند کە ئومێد دوای ئازادبوونی بە پێ بەست، بەهۆی خراپیی دۆخی دڵییەوە چەندین جار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و لە ئێستادا بەپەلە پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی پسپۆڕ هەیە، بەڵام دەزگای دادی هیچ سەرنجێک ناداتە دۆخی جەستەیی ئەو.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە نزیکەی دوو مانگە داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشکەشی دادوەر دراوە، بەڵام بەربەست دروستکردن و وەڵام نەدانەوەی بەرپرسان، ئەوی لە بارودۆخێکی دەروونیی زۆر خراپدا داناوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەفتاری جیاکاریی زۆر توند دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە پەیڕەو دەکرێت؛ بە شێوەیەک کە لە ئێستادا سەرجەم ئەو بەندکراوانەی پێوەندی ئەلیکترۆنییان هەیە لە مافی مۆڵەتی یاسایی خۆیان سوودمەند دەبن، بەڵام ئومێد چراغی هاوڕێ لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسی تر لەم مافە بێبەش کراون. ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەشێک لە وتەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ئیتر توانای بەرگەیگرتنی ئەم دۆخە ناخۆشە و گوشارە بەردەوامانەی نەماوە و لە ڕووی دەروونییەوە بە تەواوی تێکشکاوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و گیانی ئومێد چراغی، ڕەفتارە دژە مرۆییەکان، بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی و سەپاندنی جیاکاریی دووقات دژی بەندکراوانی سیاسی بە توندی سەرکۆنە دەکات و داوای کۆتاییهێنان بەم گوشارانە و ڕادەستکردنی دەستبەجێی دۆسیەی پزیشکیی ئەو دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین