بەپێی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتیی قەزوین، لە کاتژمێرە سەرەتایییەکانی بەیانیی ئەمڕۆدا، خوێندکارێکی کوڕی ساڵی کۆتاییی ددانپزیشکی بە چوونە ژوورەوەی بۆ نێو دەرمانگەی فاکەڵتیی ددانپزیشکیی قەزوین، بە تەقاندنی چوار گوللە لە دەمانچەیەکی جەنگی، کچە خوێندکارێکی هاوپۆلی خۆی کوشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان، ئەم دوو خوێندکارە لە ئاستانەی تەواوکردنی خوێندندا بوون و لە قۆناغی کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکی سۆزداری (عاتیفی) بوون. بکوژەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بە هەمان چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم کوشتنە بە نموونەی ئاشکرای “ژنکوژی” دەزانێت و بە توندی شەرمەزاری دەکات. ژنکوژی تەنیا کوشتنێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ئەو پێکهاتانەیە کە تێیدا پیاوان لە دەوروبەری ژناندا، لە ئەندامانی بنەماڵەوە بگرە تا هاوبەشی سۆزداری، خۆیان بە خاوەنی جەستە، ئیرادە و ژیانی ژنان دەزانن. یاساکانی سەر بە فەرهەنگی نامووس، نەریتە باوکسالارەکان و فەرهەنگی کۆنتڕۆڵکردنی ژنان، بە کردەوە ڕێگە بە پیاوان دەدات کە بە توندوتیژی و تەنانەت زەوتکردنی مافی ژیان، وەڵامی کۆتاییهاتنی پەیوەندییەک، سەربەخۆییی ژن یان مافی هەڵبژاردنی ژنان بدەنەوە.
کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە تایبەتیترین لایەنەکانی ژیانی ژناندا یاسا دەردەکات و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان سنووردار دەکات، کەچی لە بەرانبەر مافی ژیان، ئاسایش و کەرامەتی ژناندا هیچ جۆرە میکانیزمێکی پاڵپشتیی کاریگەری دروست نەکردووە. دەزگای یاسایی و دادوەریی ئێران بە پاراستنی یاسا هەڵاواردنەکان ، بێباکبوونی بەرانبەر بە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، و نەبوونی پاڵپشتیی ڕێگریکارانە لەو ژنانەی کە لە مەترسیدان، زەمینەی بەردەوامیی ژنکوژیی خۆش کردووە.
هانا جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە مافی ژیانی ژنان نابێت ببێتە قوربانیی نامووس، خاوەندارێتیی پیاوانە، پەیوەندیی سۆزداری، یان بێدەنگیی یاسا. بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی پێویستی بە چاکسازیی خێرا لە یاسا هەڵاواردنەکان، ناساندنی توندوتیژیی ڕەگەزی وەک تاوان بە شێوەیەکی کاریگەر، پاڵپشتیی ڕێگریکارانە لە ژنانی ژێر هەڕەشە و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی فەرهەنگی و یاساییی ئەو پیاوانەیە کە توندوتیژی دژی ژنان بە مافی خۆیان دەزانن.
