ساڵیادی لەدایکبوونی موحسین نیازی؛ لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە دێولان

ەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بنەماڵەی موحسین نیازی، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»، بە ئامادەبوونیان لەسەر مەزارەکەی لە گۆڕستانی دێولان، یاد و ناوبراویان بەرز ڕاگرت.

​موحسین نیازی، گەنجی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی دێولان، لە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناحیەی پشت و کەمەرییەوە بەتوندی بریندار بوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کۆوسەری سنە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی بەخت کرد. ئەگەر ئەو نەکوژرابا، ئەمڕۆ دەبووە ٣٣ ساڵان.

​دوای گیانبەختکردنی موحسین نیازی، هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردنە سەر حەساری نەخۆشخانەی کۆوسەر و تەقەکردن لە بنەماڵە و خزمەکانی، هەوڵیان دا تەرمەکەی ببەن. ئەم هەوڵە بەهۆی خۆڕاگری بنەماڵە، خزم و کەسەکان و کۆبوونەوەی بەربڵاوی خەڵکی دێولان و گەنجانی سنە سەرنەکەوت و لە کۆتاییدا تەرمەکەی بە ئامادەبوونی خەڵک لە گۆڕستانی زێدەکەی خۆی بە خاک سپێردرا.

​هانا جەخت دەکاتەوە کە تۆمارکردنی هۆکاری مردنی موحسین نیازی بە شێوازی «نادیار» لە بڕوانامەی مردنیدا، لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتەکان باس لە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان دەکەن، نموونەیەکە لە هەوڵی دامەزراوە حکومییەکان بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، شێواندنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و ڕێگریکردن لە لێپرسینەوە لە دۆسیەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکاندا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین