ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی موڵک و ماڵی ١٢٩ هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کردەوەی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی موڵک و ماڵی ١٢٩ هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ (ئازەربایجانی غه ربی) بە توندی شەرمەزار دەکات و ئەم کارە بە نموونەی ئاشکرای سەرکوتی دادوەری، زەوتکردنی سیاسیی دارایییەکان، پێشێلکردنی مافی خاوەندارێتی، پێشێلکردنی دادرەسیی دادپەروەرانە و سەپاندنی سزای بەکۆمەڵ دژی هاووڵاتییان دەزانێت.
ئەم هەنگاوە نەک تەنیا بڕیارێکی ئاساییی دادوەری نییە، بەڵکوو بەشێکە لە شێوازە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی ئامرازیی دادگاکان، تۆمەتە ئەمنییەکان و میکانیزمەکانی زەوتکردنی سامان بۆ تۆقاندن، سزادان و سڕینەوەی نەیارانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و بنەماڵەکانیان. خستنەپاڵی تۆمەتی ناڕوون و تەمومژاوی وەک “کردەوە دژی ئاسایش”، “هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان” و “پەیوەندی لەگەڵ گرووپە نەیارەکان”، بەبێ بڵاوکردنەوەی بەڵگەی ڕوون، بەبێ گەرەنتی کردنی مافی بەرگری و بەبێ زانیاریبەخشینی شەفاف دەربارەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، فاقدی بایەخی یاسایییە و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی دادپەروەریی سزایییە.
بەپێی ماددەی ١٧ی جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ، نابێت هیچ کەسێک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە خاوەندارێتییەکەی بێبەش بکرێت. دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی موڵک و ماڵ تەنیا لە کاتێکدا دەکرێت ڕەوا بێت کە لەسەر بنەمای یاسای ڕوون، حوکمی دادوەریی بەبەڵگە، دادگاییکردنی سەربەخۆ و بێلایەن، ڕەچاوکردنی ئەسڵی “گونجان” (تناسب)، مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی ناڕەزایەتی دەربڕین بێت. لەم دۆسیەیەدا، نەبوونی شەفافیەت، ئەگەری دەرچوونی حوکمی غیابی، بێبەشکردنی کەسەکان لە بەرگریی کاریگەر و بەکارهێنانی ناوە گشتییە ئەمنییەکان، ئەم کردەوەیە دەخاتە خانەی “زەوتکردنی هەڕەمەکی و سزادەرانە”وە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە زەوتکردنی موڵک و ماڵی بنەماڵەکان، خزمە پلە یەکەکان یان دارایییە مورووسییەکانی کەسانی تۆمەتبار، لە ئەگەری نەبوونی سەلماندنی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، نموونەی بەرچاوی “سزای بەکۆمەڵ” (مجازات جمعی)ـیە. هیچ سیستمێکی دادوەریی دادپەروەر ڕێگە نادات هاووڵاتییان بەهۆی پەیوەندیی خێزانی، وابەستەیی سیاسی، ناسنامەی کۆمەڵایەتی یان پەیوەندیی ئیدیعاکراو بە کەسانی ترەوە سزا بدرێن. بەرپرسیارێتیی سزایی بابەتێکی “کەسی”یە و پەرەپێدانی شوێنەوارە سزایییەکان بۆ سەر بنەماڵە و خزمەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەمای “کەسیبوونی سزاکان”ـە.
ئەم هەنگاوە هەروەها نیشانەیەکی مەترسیداری پەرەسەندنی سەرکوتی ئابوورییە دژی هاووڵاتییانی کورد. کۆماری ئیسلامی بە ئەمنییەسازیی بەردەوامی کوردستان، نەک تەنیا ئازادیی ڕادەربڕین، ڕێکخراوەیی، چالاکیی سیاسی و بەشداریی مەدەنی سەرکوت دەکات، بەڵکوو ئێستا ئامرازی زەوتکردنی سامان بۆ گوشاری دارایی، کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر بنەماڵەکان و چالاکانی سیاسی بەکار دەهێنێت. ئەم جۆرە ڕوانینە، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ماددەکانی ١٩، ٢١ و ٢٢ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جارێکی دیکە هۆشداری دەدات لە هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی دادوەری بۆ جێبەجێکردنی سزای قورس، لەوانەش “سێدارە”، لە دۆسیە ئەمنییەکاندا. بەکارهێنانی سزای سێدارە لەو دۆسیانەی کە بە تۆمەتی ناڕوون، دادگاییکردنی ناڕوون، گوشاری ئەمنی و بێبەشکردن لە بەرگریی کاریگەر بەڕێوە دەچن، پێشێلکردنی جیدیی مافی ژیان و هەڕەشەیەکی قەرەبوو نەکراوەیە دژی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین