ئیرشاد عەباسی، لاوی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارە بۆ ،ئیرشاد عەباسی، لاوی کوردی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەرچووە. ناوبراو نزیکەی ١٧ مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی ،کوشتنی بەئەنقەست،دەستبەسەر کرابوو و لەو ماوەیەدا پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوام بووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دۆسیەیە لە بارودۆخێکدا گەیشتووەتە قۆناغی دەرچوونی سزا کە وردەکارییەکانی دادگاییکردنەکە، لەوانەش ئاستی دەستڕاگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەری هەڵبژێردراو، شێوازی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و ڕەچاوکردنی ستانداردەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بە شێوەیەکی ڕوون ڕانەگەیەندراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەم جۆرە دۆسیانەدا، جەخت لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی تەواوی بنەماکانی دادگاییکردنی منسانە و مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و شەفافیەت لە پرۆسەی دادوەریدا دەکاتەوە. ئەم ڕێکخراوە هەروەها داوای پێداچوونەوە بەو دۆسیانەدا دەکات کە ئەگەری پێشێلکردنی مافی تۆمەتباران یان ڕەچاونەکردنی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان تێدایە.
هانا جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە سزای سێدارە، وەک قورسترین جۆری سزا، تەنیا دەبێت لە چوارچێوەیەکی ڕوون، لەسەر بنەمای دادپەروەریی دادوەری و بە ڕەچاوکردنی تەواوی مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتباران ئەنجام بدرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین