ڕاپۆرتی هانا لە سەر بەردەوامی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی چوار زیندانی سیاسی لە سێدارە دراو لە ڕێگای ڕادەست نەکردنی تەرمەکان و شاردنەوەی شوێنی ناشتنیان لە دووهەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانیان

هانا؛ دوو ساڵ لەمەوبەر سەر لە بەیانی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی تەمەن ٢٨ ساڵ، موحسێن مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ و محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج( بە پێی ئیدیعای بەرپرسانی دادوەری کۆماری ئیسلامی) جێبەجێ کرا.

ئەم چوار زیندانی سیاسیە لە رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١، لە ناوچەی سۆمابرادۆستی ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات ڕاگوێزرابوون. لە ماوەی ١٩ مانگ دەستبەسەری ئەوان لە هەرجۆرە چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کرابوون و تەنانەت بۆ کۆتا جار لە کاتژمێرەکانی پێش جێبەجێ کرانی سزای سێدارە چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوت. لەم چاوپێکەوتنەدا پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، موحسێن مەزڵوم و هەژیر فەرامەرزی باسیان لە ئەشکەنجەی قورسی دەروونی و جەستەیی کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە دانپێدانانەکانیان لە ژێر ئەشکەنجەدا و بە شێوەی زورەملێ بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە درێژایی تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردن، ئەم چوار کەسە تەنانەت بە پشتبەستن بە یاسا ناتەواوەکانی کۆماری ئیسلامی لە کەمترین مافی بەرگریی تۆمەتبارێک بێبەش کراون و دادگای شۆڕشی تاران تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ حوکمی ئێعدامی دەرکردووە.

لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردانە، کاردانەوەی جیهانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی؛ لەوانەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ئەم لەسێدارەدانانە وەک ئامرازێکی سەرکوتی سیاسی و ئەنجامی دادگاییکردنی نمایشی ئیدانە دەکات. ڕاپۆرتێرانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە بەیاننامەیەکدا بە توندی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییان مەحکوم کرد و ئەم حوکمانەی لەسێدارەدانیان بە نایاسایی زانی.
لە کوردستانیش خەڵک بە ڕاگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی بەربڵاوی بازاڕەکان لە شارە جیاجیاکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم قەتڵە حکومەتیە.

دوای تێپەڕ بوونی دوو ساڵ بە سەر لەسێدارەدانەکان،
دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی ڕادەست کردنی تەرمەکان بەو بنەماڵانە و تەنانەت شوێنی ناشتنیان ڕاناگەیەنن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دان بەوەدا دەنێت کە بەردەوامیی ئەم کردەوە تاوانکارییانە نموونەیەکی ڕوونی “بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ” و بەردەوامی تاوانێکی نێودەوڵەتییە کە ئازاری زیاتر بەسەر کەسوکاریاندا دەسەپێنێت.

هەر لەو پێوەندییەدا بنەماڵەی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە بە پارێزەری دوکتۆر فەراز فیروزی سکاڵایان لە گرووپی کاری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کردووە و داوا دەکەن چارەنووسی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە دیاری بکرێت. بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزەری بنەماڵەی قوربانییەکان، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دۆخە بەفەرمی بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بناسرێت و لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

پارێزەری ئەو بنەماڵەیە بە هانای ڕاگەیاندووە، “بەپێی نامەنووسی فەرمی، دۆسیەی ئەم چوار کەسە لەگەڵ کەیسەکانی دیکەی وڵاتانی جیاجیا، لە کۆبوونەوەی ١٣٨ی ئەم گرووپی کارە لە ٢٦ تا ٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٦ پشکنینیان بۆ دەکرێت و گروپی کار بە فەرمی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕادەگەیەنن”.
بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ بە شێوە جۆراوجۆرەکانی وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتیدا بە تاوان دادەنرێت. بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەم کردەوە تاوانکارییە بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی نەیارانی بە تایبەت لە کوردستان و دژی هاووڵاتییانی کورد کەڵک وەردەگرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین حاڵەتی ئاشکرای بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیان لە گرووپی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ هەیە. شایانی باسە کە ئەم ژمارەیە لە دۆسیە تۆمارکراوەکان تەنیا نوێنەرایەتی ژمارەیەکی کەم لە حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە ئێران دەکات، بەو پێیەی بە هۆکاری جۆراوجۆر بنەماڵەی قوربانییەکان نەیانتوانیوە سکاڵا تۆمار بکەن یان ئامادە نەبوون بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن و بە هۆی فشارە ئەمنییەکانی داوای ڕێکاری یاسایی بکەن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین