بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا: شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی ئەسرا تاووسی نیا خەڵکی ئاوایی “دەشتی بوڵاغ”ی سەر بە شاری سۆنقۆر و کولیایی، لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی حەڵک لە کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان بریندار و دوای دوو هەفتە بە هۆی سنووردار بوونی خزمەتگوزاری پزیشکی و سەختی برینەکانیەوە لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار گیانی لە دەستداوە.
ئەسرا تاووسی نیا بە چەکی ساچمەیی سک و ئەندامی مێینەی بریندار بووە و بە هۆی زۆری خوێنبەربوون، زیاتر لە دوو هەفتە بە شێوەی شاراوە لە ژێر چاوەدێری پزیشکانی خۆبەخش بووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەسرا، بە هۆی کەشی توندی ئەمنی دەستبەسەرکردن و گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران لە ناوەندە پزیشکییەکان، بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە منداڵەکەیان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و خزمەتگوزاریی پزیشکی فەرمی وەربگرن.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، لەگەڵ دەرکەوتنی هەواڵە شۆک هێنەرەکانی ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەموو هەوڵی خۆیی بۆ دەستنیشانکردن و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی لە بزووتنەوەکەدا کوژراون و دەستبەسەرکراون خستووەتە گەڕ. تیمی یاسایی هانا بۆ ئاشکراکردنی تاوانە بەربڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە هاووڵاتیانی ئێرانی، بەردەوام لە پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بووە.
