دەفتەری یاسایی هانا : بۆچی دروست نییە دەستەواژەی جەنگ و تاوانی جەنگ بۆ ئەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵک ئەنجامی داوە بەکار بهێنرێت؟

لە ڕۆژانی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە هەندێک کەس بە تایبەتی کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ وەسفکردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێن بارودۆخەکە بە “جەنگ” پێناسە دەکەن و بەو هۆیەوە ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن بە تاوانی جەنگیش ناودەبرێن.

بەڵام مەترسییە یاساییەکانی وەسفکردنی ئەم دۆخە بە تاوانی جەنگ و جەنگ چین؟
گرنگی یاسایی بە دروستی وەسفکردنی ئەم دۆخە و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی چییە و جیاوازیی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی چییە؟

لە ڕووی یاساییەوە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی وشەکان دەتوانێت کاریگەری یاسایی جیاواز دروست بکات. وەسفکردنی دۆخی ئێستا وەک “جەنگ” لە ڕوانگەی یاساییەوە لە بنەڕەتدا نادروستە، چونکە هیچ شەڕێکی چەکداری لە ئارادا نییە. لە لایەک کەسانی بێ چەک هەن کە بۆ بنەڕەتیترین مافەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتێک هەیە کە هێزی چەکداری خۆی بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت.

یەکێک لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی وەسفکردنی ئەم دۆخە وەک شەڕ، دەستکاریکردنی نەشیاوی “ناڕازی” لەگەڵ “شەڕکەر”دایە. بەپێی یاساکانی شەڕ هێرشکردن و کوشتنی شەڕکەرێک کە خەریکی ململانێیە، بە شەرعی دادەنرێت. بۆیە نابێت دۆخەکە بە شەڕ و خۆپیشاندەران وەک شەڕکەر وەسف بکرێت و مردنیان ئەگەر بە مەبەستیش نەبێت، بە ڕەوا و بەشێک لە قوربانییەکانی شەڕ هەژمار بکرێت.
کەواتە جیاوازی لە نێوان تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی چییە؟

بەپێی بنەما یاساییەکان گرنگی ئەم جیاکارییە لە توندی سزاکەدایە. تا توندی تاوانەکە زیاتر بێت، توندی سزاکە زیاتر دەبێت. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، “تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی” بە توندتر لە تاوانەکانی جەنگ دادەنرێت. جگە لەوەش تاوانی جەنگ سنووردارە بە شەڕی چەکداری (ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی)، بەڵام تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کاتی ئاشتی و لە دۆخی ئێستادا کارپێدەکرێت.

هەرچەندە لە هەردوو تاوانەکەدا قەتڵ و کوشتن ڕوودەدات، بەڵام نازناوی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی وا دەکات تۆمەتبار شایستەی سزایەکی توندتر بێت.

وەسفکردنی دۆخەکە وەک شەڕ و جێبەجێکردنی تاوانی جەنگ بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کەمکردنەوەی نازناوی تاوانکارییەکەیە لە تاوانێکی قورسترەوە بۆ تاوانێکی کەمتر.
لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا سەرەڕای هەموو هەوڵەکان و دروستکردنی سنووردارکردنی یاسایی وەک یاسای مرۆیی کە ئامانجی کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤە لە کاتی شەڕدا، هەرگیز شەڕ بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بە ناشەرعی ڕانەگەیەندراوە و کوشتن لە هەندێک مەرجدا ڕێگەپێدراوە. لەبەرامبەردا شەرعیەتێکی لەو شێوەیە بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن
حکومەتێکەوە لە کاتی ناڕەزایەتیەکاندا نییە.

بە پێی مادەی چوارەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ کە ئێرانیش چووەتە پاڵی، حکومەت پابەندە بە ڕێزگرتن لە هەموو ئەو مافانەی کە لەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەدا بەرامبەر بە خۆپیشاندەران هاتووە. لە گرینگترین نموونەی ئەو پابەندبوونانە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە ئاشکرا پێشێل دەکرێن، مافی ژیان، مافی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە، مافی پاراستن لە ئەشکەنجە، مافی دەستبەسەرنەکردنی سەرەڕۆیانە و مافی پاراستنی ژنان و منداڵانە.

بۆیە وەسفکردنی یاسایی ئەم دۆخە وەک شەڕ دروست نییە و لە ئەنجامی جێبەجێکردنی نەشیاوی ئەو چەمکە یاساییانە، خۆپێشاندەران دەکرێنە ئامانجێکی ڕەوا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین