نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی بە دورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا: نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد کە پێنجەمین ساڵی ماوەی سزای ١٥ ساڵەکەی سەری لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە سەر دەبات، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بێبەش کرانی درێژ ماوەی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێنەدرانی مەرەخەسی، بە دوراندنی لێوی مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، ئەم بەندکراوە سیاسیە لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣ی دیسامبری ٢٠٢٥)ەوە بە دوراندنی لێوی خۆیی مانی لە خواردن گرتووە و هاوکات نامەی دەسپێکردنی مانگرتنەکەی ڕادەستی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ کردووە.

ئەو لەم نامەیەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەبێ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوە و بەڵگەنامەیەکی یاسایی، لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و سەرجەم داواکاریەکانی بۆ مەرەخەسی وڵامی نەدراوەتەوە.

نایب عەسکەری خەڵکی ورمێ، لە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرا و ماوەی سێ مانگ لە گرتووخانەی “ئەلمەهدی” ئەم دامەزراوە ئەمنیە ڕاگیرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم دەستبەسەر کردنە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە ناوبراو دوای چەندین ساڵ مانەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە وەرگرتنی “ئەماننامە” و بە هائاهەنگی لەگەڵ ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی حوسێن خۆش مەرام، گەڕایەوە بۆ ئێران.

نایب عەسکەری پێشتر بە شێوەی غیابی(بەبێ ئامادەبوونی خۆیی) بە تۆمەتی “موحاربە” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو، سزایەک کە دوای تانەدان ڕەت کرایەوە و تۆمەتەکەشی گۆڕدرا بە بەغی. دوتر دوای پڕۆسەیەکی دادوەری ناڕوون و لە دۆخێکدا کە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو، لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ٩٠ ملیۆن تمەن جەریمەی نەخدی بە سەردا سەپێندرا.

ئەم بەندکراوە سیاسیە پێشتریش چەندین جار لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بارودۆخی بەندیخانە و بێبەش کرانی لە مافی دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی مانی لە خواردن گرتووە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی لە ئاست بارودۆخی جەستەیی و گیانی نایب عەسکەری، داوای کۆتایی هێنان بە گوشارە نایاساییەکان لە دژی ئەم بەندکراوە سیاسیە، دابین کرانی مافە سەرەتاییەکانی ئەو لەوانە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی، مەرەخەسی و دەرمان و هەروەها پێڕاگەیشتنی سەربەخۆ و دادپەروەرانە بە دۆسیەکەی، دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین