ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە مەحکوم کردنی بەیانییەی ڕەگەزپەرستانەی کومیسیۆنی مافی مرۆڤی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کە وەبیرهێنەرەوەی کردەوەی یاساناسانی نازی لە ئاڵمان و یاساناسانی سێرب لە یۆگوسڵاوی پێشوویە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەوپەڕی داخ و نیگەرانییەوە، ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی “کومیسیۆنی مافی مرۆڤی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات” کە بە ئەدەبییاتێکی نایاسایی و ڕەگەزپەرستانە، شارۆمەندانی کورد و یەکێک لە نەتەوە مێژوویی و دێرینەکانی دانیشتووی ئەم سەر خاک و ئاوەی بە «پەنابەرانی عێڕاقی» ناو بردووە و دەناسێنێ، مەحکوم دەکەین.

ئەدەبییاتی لەم چەشنە نە تەنیا پێشێل کردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بەڵکوو لەگەڵ بەڵێن و پەسندکراوە نێونەتەوەییەکانی وڵاتی ئێران و لەگەڵ ڕێکار و بڕیارگەلی ئەخلاقی کاری وەکالەت و پارێزەری بە تەواوی ناتەبایە.

کۆمیسیۆنی بە قەول “مافی مرۆڤ”ی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات باش ئاگادارە کە بە پێی پەسندکراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مەدەنی و سیاسی (مادەی ٢٦)، سەبارەت بە یەکسانی هەموو تاکەکان لە بەرامبەر یاسادا و قەدەغە کردنی هەڵاواردن لە سەر بنەمای ڕەگەز و زمان یا نەتەوە پێداگری دەکا.

بە دڵنیایی ئەو کۆمیسیۆنە ئاگادارە کە بە پێی کۆنوانسیۆنی سڕینەوە هەر جۆرە هەڵاواردنێکی نیژدای و ڕەگەزی، (مادەکانی ٢ و٤)، هەر جۆرە پڕوپاگاندایەک یا بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی باڵادەستی نەتەوەیی و ڕەگەزی قەدەغەیە و بە پێشێل کردنی بنەمای بڕیارێک لە مافە نێونەتەوەییەکان چاو لێ دەکرێ و دێتە هەژمار.

ئەندامانی کۆمیسیۆن بە دروستی دەزانن و دڵنیان لەوەیکە بە پێی پڕۆژەی کاری دەفتەری کومیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان (پەسندکراوی ٢٠١٢)، پێوەری ئاشکرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چاندنی تۆوی ڕق و بێزاری لە خۆ دەگرێ و دەخاتەڕوو، کە دوایین ڕاگەیاندنی ئەوان بە ڕوونی پێشێل کردنی ئاشکرای ئەو پێوەر و بنەما سەرەتاییانەیە.
لە باری یاسا نێونەتەوەییەکانی چاودێری کاری وەکالەت و پارێزەری، ئەو ئەدەبییاتەی لەو ڕاگەیاندنەی “کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ناوەندی پارێزەرانی تەورێز” بە مەبەستی سیاسی کەڵکی لێ وەرگیراوە پێشێل کردنی بنەما و بنچینەی دەور و نەخشی پارێزەر و وەکیلە لە پەسندکراوەکانی کۆنگرەی ڕێکخراوی نەتەوەکان (هاوانا، ١٩٩٠)ـە کە جەخت لە سەر ئەم خاڵە دەکاتەوە دەبێ وەکیل و پارێزەر لە هەر هەلومەرج و دۆخێکدا پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بن.

ئەم ڕاگەیاندنە بە ئاشکرا لەگەڵ مەنشوورە ئەخلاقییە نێونەتەوەییەکانی ناوەندەکانی پارێزەران ناتەبایە بۆ وێنە ستانداردەکانی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی پارێزەران (IBA) کە ئەرک دەخاتە ئەستۆی پارێزەران بە ڕەچاوکردنی بنەمای بێ لایەنی، خۆپاراستن لە هەڵاواردن و هەروەها هانیان دەدا بۆ برەودان بە دادپەروەری. کۆمیسۆنەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندەکان ئەرکی سەر شانیانە دەنگی کەمینەکان و گروپە زیانگرەکان بن نەک تریبۆنی ڕەگەزپەرستی و نیژادپەرستی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی لە سەرەوە باس کران ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
بە قوڵی نیگەرانی برەودان و ڕەواییدانی هەڵاواردنی قەوارە بۆ داڕێژراوە دژی گەلی کورد لەم ناوچەیەدا.

ئەزمونی مێژوویی نیشانی داوە کاتێک مافناسەکان خۆیان دەبنە ئامرازی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی قین و نەفرەت و هەڵاواردن، ئەم هەڵاواردنە دەبێتە قاوغێکی یاسایی بۆ ڕەخساندن و خۆش کردنی بوار بۆ جینایەتی قورستر.

لە ئاڵمانی نازی، یاساناس و یاسادانەرە لێهاتووەکان بە داڕشتنی ناورۆکی ڕەگەزپەرستانە لە یاسا و ڕێساکاندا بورایان بۆ بێبەش کردنی جووەکان لە مافی ئینسانی رەخساند و لە کۆتاییشدا ڕێگایان بۆ هۆلۆکاست خۆش کرد.
لە یۆگوسڵاوی کۆن، بەشێک لە یاساناسانی سێرب بە تیئۆریزە کردنی هەڵاواردنی نەتەوەیی، بواریان بۆ سڕینەوەی نەتەوەیی لە بۆسنی و کوڕۆواسی ڕەخساند.

ئێمە جەخت دەکەینەوە، ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی “کومیسیۆنی مافی مرۆڤی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات” هەر بەو ڕێگا و شێوە مەترسیدارە ڕەوایی دەدا بە هەڵاواردنی سیستماتیک و مایەی ماکەی سڕینەوەی نەتەوەیی.

ئێمە وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خوازیارین:

١- داوای لێبوردنی فەرمی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لەم بابەتەوەین، هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی «کومیسیۆنی مافی مرۆڤی» ئەم ناوەندە و ناردنی پەروەندەی ئەندامانی ئەم کۆمیسیۆنەین بۆ یانەی دادی چاودێری پارێزەران.

٢- ئێمە خوازیاری ئەوەین ناوەندی پارێزەرانی ئازەرباییجانی ڕۆژهەڵات بە کردەوە پابند بن بە بنەما نێونەتەوەییەکانی ئەخلاقی پارێزەری و هەروەها خوازیارین لە ڕێگای فێرکردنی زۆرەملی لە بواری مافی مرۆڤ و قەدەغەی هەڵاواردن بۆ ئەندامانی کۆمیسیۆنەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم پارێزەرانی ئەو ناوەندەین.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، جارێکی تر ڕای گشتی ئاگادار دەکا بێدەنگی لە ئاست بۆچوون و هەنگاوی لەم جۆرە، مەترسی پەرەسەندن و وەبەرهاتنی بە یاسا کردنی ئەو جۆرە خوێندنەوە ڕەگەزپەرستانەیە و دووپات بوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی سڕینەوەی نەتەوەیی بەدوادا دێ.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ژنێڤ ٣٠ی سیپتەمبری ٢٠٢٥

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین

محەمەد عەبدوڵڵاهی

سەید محەمەد حوسێنی

رامین کەرەمی