بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی پوشپەڕی ١٤٠٤، ئیبراهیم جانەفەرد ، خەڵکی ئاوایی “رەحیم خان”ی سەر بە شاری بۆکان ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوە .
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی دەستیان گرتووە بە سەر مۆبایلەکەشیدا و لەگەڵ خۆیان بردوویانە .
ناوبراو پێشتریش بە تاوانی ئەندامێتی لە حزبێکی کوردستانی ، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران دەستبەسەر و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای چوار ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو .
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە ، لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کرانی دووبارە و شوێنی ڕاگیرانی ئێستای ئەم شارۆمەندە هیچ زانیاریەک بەردەست نیە ئەم دۆخەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم شارۆمەندە کوردە .