بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە : ڕۆژی یەکشەممە یەکی پوشپەڕی ١٤٠٤، ئەیوب داربەرزین ، ڕاهێنەری لەشجوانی تەمەن ٣٥ ساڵ ، خێزاندار و خەڵکی مەریوان ، دوای بانگ کرانی بۆ ئیتڵاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ ناوبراو چەند کاژێرێک دوای بڵاو کردنەوەی ستۆریەک لە ئینستاگرامەکەی سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل ، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لە لایەن ئیتڵاعاتی سوپاوە بانگ و دواتر دەستبەسەر کراوە .
سەرچاوەکە لە دڕێژەدا زیادی کرد ؛ تا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی داربەرزین بۆ ئاگادار بوونیان لە چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی ئەنجامێکی نەبووە و ئەم دۆخەش بنەماڵە و کەسوکاری ئەم شارۆمەندەی نیگران کردووە .
سەرچاوەکانی هانا لە مەریوان کۆمەڵێک زانیاریان دەسکەوتووە کە بەشێک لە شارۆمەندانی ئەم شارە بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر و بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی سنە ڕاگوێزراون ، بە پێی ئەم ڕاپۆرتە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوان بە هۆکاری گوشارەکانی دامەزراوە ئەمنییەتیەکان ، هەواڵی دەستبەسەر کرانی منداڵەکانیان بڵاو ناکەنەوە .