بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە : رۆژی یەکشەممە یەکی پوشپەڕی ١٤٠٤ ، شارۆمەندێکی کرماشانی بە ناوی “فواد عەلیخانی” تەمەن ٤١ ساڵ ، کوڕی ئەشرەف ، لە ئەنجامی ئەشکەنجە کرانی لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای کرماشان گیانی لە دەستداوە .
بە گوتەی سەرچاوەیەکی هانا فواد عەلیخانی لە خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزراوە .
بە گوتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم شارۆمەندە ، ئەو لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی بووە و هەر بەم هۆیەوە گیانی لە دەستداوە . ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی گفتوگۆی لەگەڵ هانا ڕایگەیاند : دوای دەستبەسەر کردن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات پەیوەندییان بە بنەماڵەکەی فوادەوە کردووە و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی باس بکەن یان ڕوونکردنەوەیەک لەمبارەوە بدەن ، پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان گیانی لە دەستداوە .
لە ئێستادا دامودەزگا ئەمنییەکان تەرمی ئەم شارۆمەندەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە .