رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کەریم ئەسغەری ، هاوسەری خوشکی “وریشە مورادی” لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنەوە بە بەکار هێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە .
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ هێزە ئەمنییەکان کاژێر یەکی نیوەڕۆ هەڵدەکوتنە سەر شوێنی کارکردنی کەریم ئەسغەری لە شاری شویشەی سەر بە سنە بە لێدان و بە بەکار هێنانی توندوتیژی دەستبەسەری دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایدەگوێزن .
مێهرانە مورادی خوشکی وریشە ، پێشتر چەندین جار بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات بانگ و دەستبەسەر کراوە . کەریم ئەسغەری پێشتریش لە بەردەم زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرابوو .
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم شارۆمەندە ، شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستی ، هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە .
شایانی باسە ، وریشە مورادی لە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، دەستبەسەر کرا و لە رێکەوتی ٥ی بەفرانبار بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا ، ئەو لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ ، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی قازی سەڵەواتی بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا .