بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لەیلا پاشایی و باران ساعدی ، لە چالاکانی مافی ژنان و لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی لە شاری سنە ، بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی قازی “میهران رەمەزانی” بانگ کراون و دوو تۆمەتی تازەیان خراوەتە پاڵ و بڕی بارمتەکەشیان بۆ زیاد کراوە .
بە گوتەی سەرچاوەیەکی هانا ؛ ئەم دوو چالاکی مەدەنیە کە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێورەسمی ڕۆژی جیهانی ژنان (٨ی مارس) دەستبەسەر کرابوون ، دوای بانگ کرانیان بۆ دادگا ئەمڕۆ تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و پێکهێنانی گروپی نایاسایی” خراوەتەپاڵ .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ بڕی بارمتەی دیاریکراو بۆ ئازادی کاتییان کە پێشتر بڕی ٥٠٠ ملوێن تمەن بووە بۆ ١٠٠ ملوێن تمەنیتر زیاد کراوە و کراوەتە ٦٠٠ ملوێن تمەن .
لەیلا پاشایی خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە و باران ساعدی خەڵکی سنە ، پێشتریش تۆمەتی “پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی” خراوەتە پاڵیان و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون .