جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی زیندانیەک لە زیندانی قزڵحساری کەرەج

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە ؛ سزای سێدارە موحسێن لەنگەرنشین ، زیندانی سیاسی تەمەن ٣٤ ساڵ ، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کراوە .ئەم زیندانیە سیاسیە کە لە چالاکانی ناسراوی بەشی تەکنۆلۆژیا و ئاسایشی سایبەری بوو ، بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٤، لە سێدارە دراوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ ناوبراو لە مانگی پوشپەڕی ١٤٠٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر و دواتر بۆ ماڵە ئەمنەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات ڕاگوێزرابوو .

ئەو لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا بەبێ ئەوەی مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری پێبدرێت ، لە ژێر گوشاری توندی دەرونیدا ناچار بە دانپێدادانی زۆرەملێ کرا و هیچکام لە دادگاییەکانی بە شێوەی دادپەروەرانە بەڕێوەنەچووە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراوە .ئەم زیندانیە سیاسیە دوو ڕۆژ پێش جێبەجێ کرانی سزای سێدارە ، بۆ ژوری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سێدارەدانی موحسێن لەنگەرنشین مەحکوم دەکات و ئەوە بە نموونەیەکی دیکە لە پێشێلکاری سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیەوە ، دەزانێت .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین