رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی و ئامارە بەردەستەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، مافی کرێکاران لە شارەکانی کوردستان لە ڕووی جۆراوجۆرەوە بە قەیرانی و نالەبار هەڵدەسەنگێنێت .کرێکاران بە شێوەیەکی بەرفراوان لە مافی سەرەتایی بۆ کاری شایستە بێبەش دەکرێن . لە دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە لە وڵاتدا زاڵ بووە، خاوەنکارەکان بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانبەخشی کارگەکانیان بکەنەوە ئاسایشی کاری کرێکارانیان خستۆتە مەترسییەکی گەورەوە .
بەهۆی نەبوونی میکانیزمی پاراستنی یاسایی کرێکاران ناچار دەبن لە ڕێگەی گرێبەستە سەپێنراوەکانی تاکلایەنە مەرجی کارکردنی خاوەنکار قبوڵ بکەن ، ئەمەش زۆرجار ناچاریان دەکات موچەی کەمتر لە کەمترین موچە یان نەبوونی بیمە قەبوڵ بکەن . لە زۆرێک لە کارگەکاندا بەهۆی قەیرانی بژێوی ژیانەوە تەنانەت کرێکاران بە بێ هیچ گرێبەستێکی فەرمی یان پەیوەندیی دامەزراندن لە نێوان کرێکار و خاوەنکاردا ناچار دەبن کار بکەن .
بەپێی زانیارییەکانی هانا ، لە زۆر حاڵەتدا خاوەنکارەکان بە شێوەیەکی نایاسایی گەرەنتی دارایی (سفتە) وەک بەڵێننامە لە کرێکاران وەردەگرن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر سکاڵایەکی ئەگەری لەلایەن ئەوانەوە لە دەزگاکانی ئیدارەی کاردا بکەن .هەروەها نەبوونی چاودێری یاسایی کاریگەر سەلامەتی کارەکانی بەرەوڕووی مەترسیی جددی کردووەتەوە.
ڕووداوەکانی پەیوەست بە کار بەتایبەتی لە کارەکانی بیناسازی و پیشەسازیدا مەترسی لەسەر ژیانی زۆرێک لە کرێکاران دروست دەکات . لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا کرێکارە بریندارەکان یان مردووەکان بە هۆی ڕێبازی دوژمنکارانەی ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی(تامین اجتماعی) بۆ وەرگرتنی خانەنشینی هەتاهەتایی ئەم کرێکارانە و بنەماڵەکانیان دەخرێنە دۆخێکی نائینسانییەوە .
هەروەها ماف و ئازادییەکانی سەندیکای کرێکاران بە شێوەیەکی جددی لەژێر کۆنتڕۆڵ و فشاری دامەزراوە ئەمنییەکاندایە . مافی ئازادی سەندیکایی بە پێی پێوەرە گشتگیرەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش پەیماننامەی مافی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاری ، لە نەزمی یاسایی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیدا بوونی نییە .
ئەمانە تاکە ڕێکخراوی کرێکارین کە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانی دەکرێن و ڕێگەیان پێدراوە لە شوێنی کاردا کاربکەن. ئەوان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر باشترکردنی بارودۆخی کارکردن یان بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کرێکاران نییە و تەنیا پارێزەری بەها ئیسلامییەکانی حوکمڕانین لە شوێنی کاردا. لە دەرەوەی میکانیزمی یاسایی هیچ لێبوردەیییەک بۆ ڕێکخراوە کرێکارییەکان نییە و هەر ئەندامبوونێک لە ڕێکخراوەکانی وەک کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری ڕووبەڕووی تۆمەتی ناڕوون وەک کردەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی دەبێتەوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی سەبارەت بە دۆخی مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران، بە تایبەت لە شارەکانی کوردستان، داوای چاودێریی گونجاوی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) سەبارەت بە دۆخی مافەکانی کرێکاران لە ئێران دەکات .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا ئاوریلی ٢٠٢٥