ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەکان و خەڵک لە جەریانی ڕێورەسمەکانی نەورۆز لە شنۆ

بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ دەستێوەردانی بە ئانقەستی هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕێگری کردن لە بەڕێوچوونی ڕێورەسمی نەورۆز لە پارکی جەنگەڵی قەڵاتۆکی شنۆ ، خەڵک بەرگریان لە خۆیان کردووە و یەکێک لە هێزەکانی حکومەتیان چەک کردووە .

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، لە جەریانی ئەم تێکهەڵچوونە کەسێک بە ناوی ئومید کۆری کوڕی ئەمیر ، بریندار بووە کە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ گوازراوەتەوە .

هەر لەم پەیوەندیەدا لە ئاوایی تاچیناوای سەر بە شنۆ ، لە کاتێکدا کە خەڵکی خەریکی بەڕێوبردنی ڕێورەسمی نەورۆز بوون ، سەرهەنگ عەلی تەوەکۆلی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی شنۆ ، بەبێ لە بەر کردنی جلی سەربازی و بە جلی مەدەنیەوە بە مەبەستی ناسینەوەی کەسەکان ، وێنە و فیلمی لە خەڵک گرتووە کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی خەڵکەکە زانیویانە ، هێرشیان کردووەتە سەر و ڕێگریان لێکردووە ئەم کارە بکات ، بە گوتەی شایەتحاڵەکان ئەو کەسە دوای ئاشکرا بوونی بە خێرایی شوێنەکەی بەجێهێشتووە .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایدەگەیەنێت کە مافی شادی و ئاهەنگگێڕانی نەورۆز نموونەی ئەو مافە کولتوورییانەیە کە لە بە پێی مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ دانیان پێدانراوە ، هەربۆیە حکومەت مافی ئەوەی نییە هیچ ڕێوشوێنێکی توندی زۆرەملێ بەرامبەر بەو مافە کولتوورییانە بە پشتبەستن بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بگرێتەبەر .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین