دەرچوونی سزای سێدارە و بەندکران بۆ سێ کەس لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ئازادی

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : پژمان سوڵتانی بەندکراوی سیاسی کورد و لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە لایەن لقی یەکی دادگای کەیفەری (مێرمنداڵان) نەوجەوانان لە ورمێ سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە .

سزاکە لە حاڵێکدا دەرچووە کە دوو تۆمەتباری دیکە ئەم دۆسیە ، ڕزگار بەیگزادە بابامیری و سۆران قاسمی هەریەکەو سزای ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیرییان بە سەردا سەپێنراوە . هەروەها کاوە ساڵحی تۆمەتباری دیکەی لەم دۆسیە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە سەر لاچووە .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە ؛ ئەم چوار بەندکراوەیە لە رێکەوتی “٩ی بەفرانباری ١٤٠٣” دادگایی کراون و سزاکان لە رێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار لە بەندیخانەی ورمێ پێیان ڕاگەینراوە .

پژمان سوڵتانی تەمەن ٣٢ ساڵ بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئانقەست”سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە .لەم دۆسیەیەدا ڕزگار بەیگزادە بابامیری و سۆران قاسمی بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە قەتڵ” سزای درێژماوەی بەندکرانیان بە سەردا سەپێنراوە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ ئەم چوار شارۆمەندە دوای دەستبەسەر کرانیان ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان کراون .جگەی لەم سزایانە ، پژمان سوڵتانی ، ڕزگار بەیگزادە بابامیری ، سۆران قاسمی و کاوە ساڵحی لەگەڵ جەوانمەرد مام خوسرەوی یەکێکیتر لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە دادگای شۆڕشی ورمێ یەک دۆسیەی دیکەشیان هەیە .

ئەم کەسانە ڕووبەڕووی تۆمەتی “موحاربە ، بەغی ، هەناردەکردنی دەرمان و قاچاخی ستارلینک” کراونەتەوە کە دەکرێت سزادانی قورسی بەدواوە بێت .پژمان سوڵتانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا . سۆران قوربانیش لە هەمان ڕۆژدا لە بەردەم ماڵەکەی دەستبەسەر کرابوو و ڕزگار بەیگزادە بابامیری ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی خۆیی لە سەر دۆخی ئەم بەندکراوانە ، داوای هەڵوەشاندەوەی سزای سێدارەی پژمان سوڵتانی ، پێداچوونەوەی دادپەروەرانەی دۆسیەکان و کۆتایی هێنان بە ئەشکەنجە و دانێپێدانانە زۆرەملێکان لە گرتنگە ئەمنییەتیەکانی ئێران دەکات .رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بۆ ڕێگریکردن لە ئێعدام و پێشێلکاری مافی بەندکراوان ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنە بەر .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین