بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ ، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی عەلی خالقی فۆرقانی ، کوڕی موحسین و خەڵکی مەشهەد هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی ئەم شارە جێبەجێ کراوە .
موحسین خالقی فۆرقانی باوکی عەلی لە گفتوگۆیی لەگەڵ هانا زیادی کرد ؛ لە رێکەوتی ٧/١/١٤٠١ لە شەڕێکی سەرشەقام لانیکەم ١٢ کەس هێرشیان کردووەتە سەر کوڕەکەم عەلی و هاورێکەی و لە ئەنجامی ئەم شەڕە دوو کەس کوژراون و هەروەها عەلی بە چەقۆ شادەماری بە سەختی بریندار کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە کۆمادا بوو .
موحسین خالقی لە گفتوگۆ لەگەڵ هاوکارانی هانا زیادی کرد ، دوای ئەوەی کوڕەکەم لە کۆما هاتە دەرەوە ڕاستەوخۆ بردیانە ئاگاهی و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتنی ئەو دوو کەسەی لە ئەستۆ گرت ، ئەمە لە کاتێکدایە دوای بینینی کامێراکانی چاوەدێری بنەماڵەی کوژراوەکان زانیویانە کە عەلی ئەوانی نەکوشتووە و وتوویانە عەلی تەمەنی کەم بووە و لەوانی نەداوە کەواتە بۆ چی قەتڵەکانی لە ئەستۆ گرتووە .