لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە ١ و ٢ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٢٣ و ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، شەش شارۆمەندی بەندکراوی کورد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ئازاد کراون.
رۆژی دووشەممە ١ی ١٤٠٠ خرمانان "خەبات مەفاخری" چالاکی ژینگەپارێز و خەڵکی سنە کە رۆژی ١٩ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازد کراوە.
هەروەها هەر لەم رۆژەدا شارۆمەندێکی دیکە بە ناوی "شەمزین محەممەدی" خەڵکی ئاوایی "ئاڵیکەند"ی ناوچەی بۆکان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. ناوبراو رێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرابۆوە.
هەر لەم رێکەوتەدا واتە ١ی خرمانان شارۆمەندێکی دیکە بە ناوی "سەلاح عوسمانی" تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی ناوچەی پیرانشار کە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانی نەغەدە ئازاد کرا.
هەروەها شارۆمەندێکی تر بە ناوی "دلێر شامحەممەدی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "دەڕە ئەسپ"ی ناوچەی دیواندەرە کە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ دەسبەسەر کرابوو رۆژی سێشەممە ٢ی خرمانانی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا رۆژی سێشەممە ٢ی خرمانانی ١٤٠٠ دوو شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی "رێبوار چارکداری" خەڵکی شنۆ و "عوبەید ئەنوەری" خەڵکی ئاوایی "ئاڵیاوا" لە ناوچەی شنۆ بە دانانی بارمتە لە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
